فێرخوازانى یاسا سەردانی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دەكەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (2/11/2022) فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشی یاسا لە كۆلێژی یاسا و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی زانكۆی جیهان-هەولێر سەردانی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر و داواكاری گشتییان لە شارى هەولێر کرد.
لەو سەردانەدا، کە بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (احمد جودت علی عوزیری) بەڕێوەچوو، لە سەرەتادا لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی دادگا وانەیەك لەسەر (یاسای بنەماكانی دادگایی سزایی) پێشكەشی فێرخوازان كرا، لە وانەكەدا باس لە بابەتەكانی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی و، ئەو ڕێسایانە كرا، کە لە دادگاکان كاری پێدەكرێت، بۆ ئەوەش ڕوونكردنەوەی ڕێساكانی تایبەتمەندی دادگاكانی لێكۆڵینەوە، لەگەڵ ئاماژەدان بە جۆرە جیاوازەكانی پلەی دادگایی دادگا سزایییەكان بەگوێرەی یاسای ڕێكخستنی دادوەری و ئەنجومەنی دادگای باڵا بۆ فێرخوازان باسکرا، ئەوە سەرەڕای تیشك خستنەسەر تایبەتمەندیەكان و كارە جیاوازەكانی دادگاكان لەگەڵ مەرجە یاساییە پێویستەكان بۆ دروستکردنى بڕیار. لە کۆتاى وانەکەدا باس لە شیكردنەوەی جۆرەكانی تانەدان لە بڕیار کرا، لەگەڵ هەڵوەستەکردن لەسەر گرنگترین ئەو ڕێگایانەی كە یاسادانەری عێڕاقی دایناوە.
پاشان مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان بەشێوەیەکى مەیدانى بەشە جیاکانى دادگاكانیان بەسەرکردەوە، لەوانە: ( دادگای لێكۆڵینەوە، دادگای كەتن، دادگای تاوانە گەورەكان) و، لەلایەن هەریەك لە دادوەران (گیلان خالد، زرار هەركی، بهزاد جهاد، عماد فارس) دادوەرانى دادگا جیاوازەكان پێشوازیان لێكرا، ئینجا دادوەر (عبدالله سلام) ئەندامی داواكاری گشتی کۆبونەوە، دواتریش سەردانی ژووری پارێزەرانیان كرد.
لەكۆتا وێستگەى سەردانەكەیاندا لەگەڵ دادوەر (فاخر صابر) سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر کۆبونەوە، لە میانەى کۆبونەوەکەدا جگە لە خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانە مەیدانیەى فێرخوازان، هیوای سەركەوتنیشی بۆخواستن.