فێرخوازانی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی شیکردنەوە بۆ دیزاینی پاوێڵۆنە نێودەوڵەتییەکان دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتى (2026/1/15)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ (پیشانگەی نێودەوڵەتی لۆجستی هەولێر) ئەنجامدا.
ئەم سەردانە بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (لانە شەهاب ئەحمەد) ڕێکخرابوو، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا لە لایەن (سەنگەر سەباح مەلا) پێشوازییان لێکرا و زانیاری پێویستی دەربارەی پیشانگەکە و بەشداری کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان پێشکەش کردن، دواتریش تیشکى خستە سەر شێوازی دیزاینکردنی “ستاند و پاوێڵۆنی” کۆمپانیاکان و جیاوازییەکانیان لە ڕووی چەمکی دیزاین، دابەشکردنی فەزا، جووڵەی سەردانیکەران، ڕووناکی و جۆری کەرەستە بەکارهاتووەکان.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازانی لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى پیشانگەکەدا تێبینیەکانیان دەربارەى توخمە سەرەکییەکانی دیزاین وەک: هەماهەنگی ڕەنگەکان، ناسنامەی بینراوی کۆمپانیاکان و کاریگەری دیزاین لەسەر ڕاکێشانی سەرنجی بینەر تۆمارکرد.







