فێرخوازانی بایۆمیدیکاڵ بەشداری لە کۆنفرانسی ڕۆژی جیهانیی شەکرە دەکەن
فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ بەشدارییان لە کۆنفرانسی ڕۆژی جیهانیی نەخۆشیی شەکرەدا کرد، کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی ئاشتی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر ڕێکخرابوو.
چالاکییەکە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٤/١١/٢٠٢٥، لە هۆتێل ڕادیسۆن لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو و، بە وتەی (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر دەستی پێ کرد و، تێیدا جەختی لە گرنگیی بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی نەخۆشیی شەکرە و ڕۆڵی ڕۆشنبیری تەندروستی لە سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی لە کۆمەڵگەدا کردەوە.
هاوکات لە چوارچێوەى بەرنامەى کۆنفرانسەکە ژمارەیەک قسەکەری دیار وتەیان پێشکەش کرد؛ لەوانە دکتۆر (عومەر سۆرچی) بابەتێکی دەربارەی گۆڕانکارییە فیسیۆلۆژییەکان لە جەستەی نەخۆشدا بەهۆی شەکرەوە پێشکەش کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو ئاڵنگارییانەی نەخۆش ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەروەها هەریەک لە دکتۆرە (ئیسرا عومەر)، دکتۆرە (شنە بەگزادە) و دکتۆر (نەوشاد نەوزاد) باسیان لە نوێترین پێشهاتەکان لە ئامێرەکانی دەستنیشانکردن، ستراتیژییەکانی خۆپاراستن و چارەسەرە مۆدێرنەکان کرد، کە یارمەتیدەرن بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و ڕێگریکردن لە لێکەوتەکانی.
لە کۆنفرانسەکەدا، فێرخوازانی بایۆمیدیکاڵ بە شێوەیەکی کارا بەشدارییان لە دانیشتنەکاندا کرد لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی پرسیاری زانستی، هەروەها بەشدارییان لە ڕێکخستنی چالاکییەکەدا کرد. ئەمەش دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆیان تا ئاگاداری دوایین پێشهاتە پزیشکییەکان بن و، ئەزموونی کردەیی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پسپۆڕانی کەرتی تەندروستی پەیدا بکەن.






