فێرخوازانی بایۆمیدیکاڵ هەڵمەتی هۆشیاری لەبارەى شێرپەنجە لە سەنتەرى شارى هەولێر بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٣/٢/٢٠٢٥)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەبۆنەی مانگی هۆشیاری شێرپەنجە، کە هەموو ساڵێک لە مانگی شوباتدا بەڕێوەدەچێت، چالاکییەکی هۆشیاری سەرکەوتوویان لە سەنتەرى شارى هەولێر بەڕێوەبرد، کە تایبەت بوو بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک بە شێرپەنجە و، گرنگیدان بە خۆپاراستن و دەستنیشانکردنی پێشوەختە.
لە میانەى چالاکیەکەیاندا، کە سەنتەری شاری هەولێر و نزیک پارکی شار و قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو، فێرخوازان بە شێوەیەکی چالاکانە لەگەڵ ئامادەبووان و ڕێبواران گفتوگۆیان کرد و، نامیلکەی زانیارییان دابەشکرد، کە تیایدا بەشێوەیەکى زانستى باسى جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجەیان کردبوو، هەروەک باسیان لە کۆمەڵێک وردەکاری کرد، کە پەیوەست بوون بە ستراتیژییە کاریگەرەکانی خۆپاراستن لە شێرپەنجە، هەروەها جەختیان لەسەر گرنگی پشکنینى پێشوەختە کردەوە.
فێرخوازان لە بەر ڕۆشنایی بنەمای “خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن” لە میانەى چالاکیەکەیاندا داوای لە هاوڵاتیان دەکرد شێوازی ژیانی تەندروست بگرنەبەر و پشکنینی بەردەوامیان بۆ بکەن بۆ دڵنیابوون لە توشنەبوون بە شێرپەنجە بەتایبەت و هەر نەخۆشیەکى دیکە بەگشتى.