فێرخوازانی بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك بەشداری لە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی پەرەپێدانی زمانی کوردی دەکەن
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، مەکتەبی ڕاوێژکاریی ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێمى کوردستان بۆ پڕۆژە زانستییەکانی زمان و ئەدەب و کەلتووری کوردی، ڕۆژی یەکشەممە (٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦)، لە مەراسیمێکدا حەوت پڕۆژەی ستراتیژیی بۆ پەرەپێدان و نێودەوڵەتیکردنی زمانی کوردی ڕاگەیاند.
لە میانی مەراسیمەکەدا، کە لە هۆڵى سەعد عەبدوڵلا لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو، سەرەتا دکتۆر (فریاد فازڵ) ڕاوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران، ڕوونکردنەوەی وردی دەربارەی هەنگاوە تەکنیکی و زانستییەکانی پڕۆژەکە پێشکەش کرد و جەختی لەسەر گرنگیی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و ئەرشیفکردنی زانستی بۆ هاوتاکردنی زمانی کوردی لەگەڵ زمانە زیندووەکانی وەک ئەوروپی، چینی و کۆری کردەوە، کە تێیدا لێکۆڵینەوەی زمانەوانی بۆ زیاتر لە ٣٠ هەزار وشەی کوردی لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی سۆفتوێرییەوە ئەنجامدراوە.
لە بەشێکى گرنگى ئەم پڕۆژە نیشتمانییەدا، دوو فێرخوازی لێهاتووی بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆڵێکی کاریگەریان گێڕا؛ لەو چوارچێوەیەدا فێرخواز (ئارام ستار) لە قۆناغی چوارەم، بەشداربوویەکی سەرەکی بوو لە پرۆسەی وەرگێڕانی سەرچاوەکان لە چەندین زمانی جیهانییەوە بۆ زمانی کوردی و ڕێکخستنیان بەپێی ستانداردە دیجیتاڵییەکان. هاوکات فێرخواز (ئەحمەد مەعروف) لە قۆناغی سێیەم، ئەرکی داخڵکردنی داتا و زانیارییەکانی بۆ ناو سیستمە ئەلیکترۆنییەکان لە ئەستۆ بوو بە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنە سۆفتوێرییە زانستییەکان.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، ژمارەیەکی زۆر سەرچاوە و کتێبی زانستی دەربارەی ئەلفوبێ، ڕێزمان و ئەدەبی کوردی بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرا، هەروەک داوا لە وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا کە سوودی تەواو لەم پڕۆژە تەکنەلۆژییانە وەربگرن و بیخەنە ناو پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە.







