فێرخوازانی بەشى ئەندازیاری تەلارسازی لە “Future City” بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشناى قۆناغەکانی جێبەجێکردن و سیستمە بیناسازییەکان دەکرێن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٢/١/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی مەیدانییان بۆ پڕۆژەى (Future City) ئەنجامدا، کە ئێستا لە قۆناغى جێبەجێکردندایە.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (لانە شەهاب ئەحمەد) ڕێکخرابوو، بەگەیشتنیان لە لایەن ئەندازیار (ئەحمەد عەلی کەمال) پێشوازی لە شاندی فێرخوازان کرا. لەو چوارچێوەیەدا سەرەتا کورتەیەکی دەربارەی پڕۆژەکە پێشکەش کردن و، تێیدا تیشکی خستە سەر “چەمکی گشتیی دیزاین” (Design Concept)، ئامانجەکانی پڕۆژەکە و گرنگترین ئەو تایبەتمەندییە تەلارسازییانەی لە پەرەپێدانی پڕۆژەکەدا ڕەچاو کراون.
پاشان بەشێوەیەکى مەیدانی، فێرخوازانى لە نزیکەوە ئاشنای قۆناغە جیاوازەکانی جێبەجێکردن، شێوازی ڕێکخستنی شوێنی پڕۆژەکە (Site Organization) و چۆنیەتی پیادەکردنی نەخشە و کێشراوە تەلارسازییەکان لەسەر زەوی کرد. هاوکات ئەندازیار ئەحمەد عەلی کەمال، چەندین لایەنی گرنگی بیناسازی بۆ فێرخوازان شیکردەوە، لەوانە: سیستمە سترەکتۆری و بیناسازییەکان، جۆری کەرەستە بەکارهاتووەکان و میکانیزمی هەماهەنگی نێوان دیزاینی ئەندازیاری و جێبەجێکردنی مەیدانی لە شوێنی کاردا.







