فێرخوازانی بەشى ئەندازیاری تەلارسازی گەشتێکی زانستیی مەیدانییان بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی جیهان سیتی ئەنجامدا
سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١/٢/٢٠٢٦، گەشتێکی زانستیی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێیەم بۆ پڕۆژەی ” جیهان ستى” لە شاری هەولێر ڕێکخست.
ئەم گەشتە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆر دکتۆر (نەغم ئیسماعیل یەحیا) بەڕێوەچوو. لە سەرەتای گەشتەکەدا، شاندی فێرخوازان لە لایەن ستافی کارگێڕی پڕۆژەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان (ئاران نیازی)، بەڕێوەبەری کارگێڕی، یاوەری فێرخوازانی کرد و لە نزیکەوە ڕوونکردنەوەی وردی دەربارەی چەمکی نەخشەی گشتی (Master Plan)، ستراتیژیی دیزاین و قۆناغەکانی پەرەپێدانی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون پێشکەش کردن.
هەروەها، لە میانەی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەکەدا، ئاران نیازی تیشکی خستە سەر شێوازی ڕێکخستنی تەلاری نیشتەجێبوون، دیزاینی یەکەکان، سیستمی جوڵە و گواستنەوە و دابەشکارییە فەرمییەکانی پڕۆژەکە. هاوکات، باس لە گرنگی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی ناو پڕۆژەکە کرد، وەک قوتابخانە، باخچەی منداڵان، شوێنە خزمەتگوزارییەکان و گەراجی ژێرزەوی بۆ ئۆتۆمبێل، کە هەموویان پێکەوە ژینگەیەکی نیشتەجێبوونی تەواوگیر و بەردەوام (Sustainable) دەستەبەر دەکەن.
لە کۆتایی گەشتەکەدا، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە جەختی لەسەر گرنگی تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان دیزاینی نیشتەجێبوون، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و پلاندانانی شارسازی کردەوە و، هانی فێرخوازانی دا کە ئەم ئەزموونە مەیدانییانە لە پڕۆژە ئەکادیمییەکانی داهاتوویان دا ڕەنگ بداتەوە.







