فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ ئاشناى شێوازەکانی دەستنیشانکردنی بەکتریای E. coli دەکرێن
لە چوارچێوەی ڕاهێنانێکى پراکتیکی، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٦/١٠/٢٠٢٥)، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر محەمەد محەمەد حسێن، سەردانی وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی ئیفراز ٢یان کرد.
لە وێستگەکەدا، ئەندازیار زەکەریا عەبدولخالق یونس، سەرپەرشتیاری تاقیگەی چارەسەرکردنی ئاو، پێشوازی لە فێرخوازان کرا، بۆ ئەوەش شیکردنەوەیەکی وردی سەبارەت بە ڕێکارەکانی پشکنینی میکرۆبی بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و کوالێتی ئاوی خواردنەوە پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هاوکات شێوازی دەستنیشانکردنی بەکتریای E. coli بە بەکارهێنانی فلتەرکردن پیشانى فێرخوازاندا، بۆ ئەوەش ووتى: ئاو بە پەردەیەکی تایبەتدا تێدەپەڕێندرێت و پاشان بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر هەڵدەگیرێت، لەکاتى دەرکەوتنی کۆلۆنی بەکتریایی شین یان سەوز ئاماژەیە بۆ بوونی بەکتریای E. coli، کە واتای ئەوەیە ئاوەکە سەلامەت نییە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، سەرپەرشتیاری تاقیگەی چارەسەرکردنی ئاو چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێری پێوانەکردنی ئۆکسجینی تواوە (DO Meter)ى بۆ فێرخوازان ڕوونکردەوە و وتى: ئەو ئامێرە بۆ پێوانەکردنی چڕی ئۆکسجین لە ئاودا بەکاردەهێنجرێ، کە یەکێکە لە نیشانە گرنگەکانی هەڵسەنگاندنی چالاکی مایکرۆبی و کوالێتی گشتی ئاو.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی ئەندازیار زەکەریا عەبدولخالق یونس و ستافی وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی ئیفراز ٢ کرد بۆ پێشوازی گەرم و پێشکەشکردنی زانیارییە بەنرخەکانیان.







