فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ لە نەخۆشخانەیەکى تایبەت ئاشنای نوێترین تەکنەلۆژیاکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشی دەکرێن
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (2026/1/13) گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ نەخۆشخانەی “میهرەبانی”ی ڕێکخست.
ئەم بەسەرکردنەوەیە مەیدانییە، کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (بەختەوەر زیاد عومەر) بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن خاتوو (خەدیجە عەباس حسێن)، سەرپەرشتیاری بەشی تاقیگەکان لە نەخۆشخانەکە، پێشوازی لە فێرخوازان کرا و لە گەشتێکی زانستیدا بەشە جیاوازەکانی تاقیگەی پێ ناساندن و، بە نوێترین ئامێر و تەکنیکە تاقیگەییەکان ئاشنایکردن.
سەرەتای سەردانەکە لە یەکەی خوێنکێشان (Phlebotomy) دەستی پێکرد، کە تێیدا فێرخوازان ئاشنای تەکنیکەکانی خوێنکێشان، هەڵبژاردنی تیووبی گونجاو بۆ جۆری پشکنینەکان و ڕێکارەکانی سەلامەتی و وردی لە کاردا بوون. دواتر، فێرخوازان بەشەکانی دیکەیان بەسەرکردەوە، لەوانە تاقیگەی “کیمیای بایۆلۆجی” کە تێیدا ئامێرە پێشکەوتووەکانی وەک (Cobas Pure Rotofix 32, Cobas e 114, Cobas c 311)یان بینی، هەروەها لە بەشی “نەخۆشییەکانی خوێن” (Hematology) ئاشنای میكانیزمی کارکردنی ئامێری پشکنینی گشتیی خوێن (CBC) بوون.
لە بەشێکی دیکەی گەشتەکەدا، فێرخوازان سەردانی تاقیگەی “مشەخۆرەکان”یان کرد و، لە نزیکەوە ئاشنای پشکنینە وردبینییەکان (Microscopic) بوون. لە کۆتاییشدا، لە بەشی “بەکتریاناسی”دا، شێوازەکانی چاندنی بەکتریا و سیستمی (VITEK Compact 2)یان بۆ ڕوونکرایەوە، کە تایبەتە بە دەستنیشانکردنی جۆری وردەئۆرگانیزمەکان و تاقیکردنەوەی هەستیارییان بۆ دژەبەکتریاکان (Antibiotics).
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر بەختەوەر زیاد عومەر، سوپاس و پێزانینی زانکۆی جیهان-هەولێری ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و ستافی نەخۆشخانەی میهرەبانی کرد بۆ ئەو هاوکاری و ڕێنماییە پیشەییانەی پێشکەشی فێرخوازانیان کرد.







