فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ هەڵمەتێکی هۆشیاری و پشکنینی تەندروستی بۆ خانەنشینانی هەولێر بەڕێوەبرد
گروپێک لە فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٠ی شوباتی ٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی تەندروستییان بە دروشمی “چۆن بە تەندروستییەکی باشتر بژین” بۆ ئەندامانی سەنتەری خانەنشینانی هەولێر ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەش سەرەتا فێرخوازان لەلایەن (یوونس عوسمان خدر) بەڕێوەبەری سەنتەرەکەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، دواتر بەرنامەى هەڵمەتەکەیان دەستپێکرد، کە پێکهاتبوو لە پێشکەشکردنی چەندین ئامۆژگاری و ڕێنمایی تەندروستی و، جەختیان لەسەر شێوازی ژیانی تەندروست دەکردەوە. فێرخوازان ڕوونکردنەوەی پێویستیان پێشکەش بە بە خانەنشینان کرد، کە تایبەت بوون بە گرنگیدان بە خواردنی میوە و سەوزە، ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی ڕۆژانە و کەمکردنەوەی خوێ و شەکر لە ژەمە خۆراکییەکاندا بۆ پاراستنی جەستە لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان. ئەم بەشەی چالاکییەکە بە گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان فێرخوازان و خانەنشینان کۆتایی هات.
جگە لە لایەنە هۆشیارییەکە، فێرخوازان چەندین پشکنینی پزیشکیی خێرایان بۆ ئامادەبووان ئەنجامدا، کە پشکنینی ڕێژەی شەکرە لە خوێن، پێوانەکردنی پەستانی خوێن و هەژمارکردنی بارستایی جەستە (BMI)ی لەخۆ گرتبوو. ئەندامانی سەنتەری خانەنشینان دەستخۆشییان لە ڕەفتاری پیشەیی و لێهاتوویی فێرخوازانی زانکۆی جیهان کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە چالاکییانە کاریگەرییەکی ئەرێنی زۆریان لەسەر دۆخی دەروونی و جەستەیی ئەوان هەیە.







