فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ چالاکیی پزیشکی لە قوتابخانەی هەولێرى نموونەیی بەڕێوەدەبەن
لە چوارچێوەی چالاکیە بەردەوامەکانى بڵاوکردنەوەى، کە سەرۆکایەتى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەرپەرشتى دەکات، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٦/٢/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەم سەردانی قوتابخانەی هەولێرى نمونەییان کرد و، سیمینارێکی هۆشیارییان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لەلایەن مامۆستا نەشمیل حەمەد عەلی بەڕێوەبەری قوتابخانە و مامۆستا تریفە محەمەد یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە سیمینارێکیان پێشکەش بە قوتابیانى پۆلی 12 قوتابخانەکە کرد، لە میانەى سمینارەکەیاندا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر تیشکیان خستە سەر بەربڵاوترین کێشە تەندروستییەکانی کچان و ژنان بەتایبەت نەخۆشی هێلکەدانی پۆلیسیست (PCOS)، کە زۆرجار پەیوەندی بە زیادبوونی کێشەوە هەیە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆمەڵێک پشکنینی سەرەتایی پزیشکییان بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە ئەنجامدا، لەوانە دیاریکردنی جۆری خوێن، پێوانەکردنی ئاستی شەکری خوێن و پێوانەکردنی پەستانی خوێن، لەکۆتایی چالاکییەکەدا فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی کارگێڕی قوتابخانەکە کرد کە دەرفەتیان پێبەخشی ئەو چالاکیانە لەبارەى بابەتە گرنگەکانی بوارى تەندروستی بەڕێوەبەرن.