فێرخوازانی بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى باس لە ڕۆڵی ژیریی دەستکرد لە بەهێزکردنی توانای کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت دەکەن
گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦)، چالاکییەکی هۆشیارییان بە ناونیشانی “ژیریی دەستکرد و پەلی دەستکردی زیرەک: بەهێزکردنی تواناى کەسانى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان” لە ئامادەیی نەهرەینی کچان ڕێکخست.
ئەم چالاکیە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عومەر عادل محەمەد عەلی) سەرۆکی بەش و بە هەماهەنگی لەگەڵ خاتوو (جۆزێفین ئیستیفان مەنسوور) بەڕێوەبەری قوتابخانە ئەنجامدرا، لەو چوارچێوەیەدا و، لە بەشی یەکەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز (هودا ئەیاد) ڕوونکردنەوەیەکی زانستیی دەربارەی چەمکی ژیریی دەستکرد (AI) و جێبەجێکردنە پزیشکییەکانی پێشکەش کرد، بەتایبەت لە پەرەپێدانی پەلی دەستکردی زیرەکدا. پاشان جەختی لەوە کردەوە؛ کە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ خزمەتکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، هەنگاوێکی گرنگی مرۆیی جیهانییە بۆ گەرەنتیکردنی ژیانێکی تەندروست بۆ هەمووان لە هەموو تەمەنەکاندا.
لە بەشێکى دیکەی چالاکییەکەدا، فێرخواز (فاتیمە بورهان) تیشکی خستە سەر ڕۆڵی پەلی دەستکردی زیرەک لە بەهێزکردنی توانای کەسانی کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت و کاریگەرییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە لەسەر باشترکردنی کوالێتی ژیانیان. بۆ ئەوەش فاتیمە بورهان چەندین نموونەی نیشانی قوتابیان دا کە چۆن پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و پەلی زیرەک یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە متمانەیەکی زیاترەوە چالاکییە ڕۆژانەکانیان ئەنجام بدەن و بە شێوەیەکی کاریگەرتر تێکەڵی ناو کۆمەڵگە ببنەوە.
چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی کارلێکەر و وەڵامدانەوەی پرسیارەکان کۆتایی هات، کە تێیدا بەڕێوەبەری قوتابخانەی نەهرەین سوپاسی زانکۆی جیهان-هەولێر و فێرخوازانی کرد بۆ ئەم هەوڵە نایابەیان لە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی زانستی و چاندنی هەستی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی لای قوتابیان.






