فێرخوازانی بەشى دیزاینی گرافیک سەردانی ئاژانسی “Whitespace Agency” دەکەن
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (٢١/١٠/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشى دیزاینى گرافیک گەشتێکى زانستیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەم و سێیەم بۆ ئاژانسی (Whitespace Agency)ی لە هەولێر ڕێکخست.
ئەو گەشتە زانستیە، کە لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەر سەجا عەبدولهادی سەرپەرشتی دەکرا، بە گەیشتنیان لەلایەن سەعد سالم، بەڕێوەبەری ئاژانسى (Whitespace Agency)ی پێشوازییان لێکرا، دواى بەخێرهێنانیان ئینجا لە وتەیەکدا بە شێوەیەکی ورد باسى سروشتی کاری دیزاینەرانی گرافیکی لە ژینگەی کارکردنی داهێنەرانەدا بۆ فێرخوازان کرد و، تیشکی خستە سەر قۆناغە جیاوازەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژە دیزاینییەکان، هەر لە دروستکردنی بیرۆکەی سەرەتاییەکانەوە تا قۆناغی بەرهەمهێنان و گەیاندنی کۆتایی، بۆ ئەوەش نموونەی ڕاستەقینەی کارەکانیان بۆ فێرخوازان خستەڕوو، کە بریتی بوون لە دیزاینی لۆگۆ، پەرەپێدانی سیستمەکانی ڕەنگ و فۆنت و توخمە بینراوە ستانداردەکان، هەروەها نموونەی دیزاینی چاپ و ڕیکلامیان نیشانى فێرخوازان دا وەک بروشور، پۆستەر و ڕیکلامی تایبەت بە سۆشیال میدیا، جگە لە دیزاینی ڕووکارى بەکارهێنەر بۆ پڕۆژە دیجیتاڵییەکان لە چوارچێوەی دیزاینی کارلێککەردا .
لە بەشێکى دیکەى قسەکیدا بەڕێوەبەری ئاژانسى (Whitespace Agency) بەوردى باسى ژینگەى کارکردن و ، ئەزمونى کار و تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی بازاڕی کاری ئێستا لە بواری دیزاینی گرافیک و ڕیکلامدا بۆ فێرخوازان کرد، هاوکات هانى فێرخوازانیدا سوود لە قۆناغەکانى خوێندنى زانکۆیی وەربگرن بۆ پەرەپێدان و باشتر خۆئامادەکردنیان بۆ داهاتووی پیشەییان.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازان گەشتێکی مەیدانییان بەناو بەشەکانی کۆمپانیاکەدا کرد، کە تێیدا ئاشنای میکانیزمی دابەشکردنی ئەرکەکان لەنێوان دیزاینەران و پرۆگرامەکانی دیزاین کە لە کاری ڕۆژانەدا بەکاردەهێنرێن وەک Adobe Illustrator و Photoshop و InDesign بوون، ئەمەش دەرفەتێکی بەنرخی بە فێرخوازاندا بۆ ئاشنابوون بە ژینگەی کاری ڕاستەقینە و کارلێککردن لەگەڵ دیزاینەرە پرۆفیشناڵەکان و بەدەستهێنانی ئەزموونی پراکتیکی ڕاستەوخۆ.
لە کۆتایدا مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاس و دەستخۆشى لە بەڕێوەبەری ئاژانسى (Whitespace Agency) کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە و ئاشناکردنى فێرخوازان بە ژینگەى کارکردن بەتایبەت لە بوارى کاری بازاڕی دیزاینى گرافیک و ڕیکلام.




