فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ چالاکیەک دەربارەی شێرپەنجە پێشکەشى قوتابیانى قوتابخانەی هەولێر ٢ دەکەن
بە دروشمی “بەیەکەوە ئومێد دەچێنین”، ژمارەیەک لە فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٦)، سیمینارێکی هۆشیارییان لە قوتابخانەی “هەولێر ٢”ی سیستمی ئینگلیزی ئەنجامدا.
شاندی فێرخوازان لەلایەن خاتوو (سافان تاڵب حوسێن) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و دەستخۆشی لەم جۆرە دەستپێشخەرییە زانستییانە کرا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی قوتابیان، پاشان فێرخوازان سیمینارەکەیان لە هۆڵی قوتابخانە پێشکەشى قوتابیانی قۆناغی ١١ و ١٢ کرد، کە تێیدا فێرخوازانی زانکۆ بابەتێکی زانستی وردیان دەربارەی نەخۆشی شێرپەنجە پێشکەش کرد. تەوەرەکان بریتی بوون لە ناساندنی جۆرەکانی شێرپەنجە، میکانیزمی گەشەکردنی لە ناو جەستەدا، ڕێگەکانی دەستنیشانکردن و نوێترین بژاردەکانی چارەسەر. ئامانجی سەرەکی چالاکییەکە، چەسپاندنی کولتووری خۆپارێزی و گرنگیی پشکنینی پێشوەختە بوو لای نەوەی نوێ.
لە بڕگەیەکی کۆتایی چالاکییەکەدا، فێرخوازان چەندین دیاریی ڕەمزییان بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کرد، لە کۆتاییدا بەڕێوەبەری قوتابخانە سوپاسی فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێری کرد بۆ ئەم هەوڵە مەیدانییە و فێرخوازانیش لای خۆیانەوە سوپاسی هاوکاری و پێشوازیی گەرمی کارگێڕی قوتابخانەکەیان کرد.







