فێرخوازانی بەشى زمانی ئینگلیزی سەرچاوە ئەدەبی و زمانەوانییەکانی کتێبخانەی “هەڤاڵ” بەسەر دەکەنەوە
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی (١٧ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستی و فێرکارییان بۆ کتێبخانەی “هەڤاڵ” لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر (ڕۆژین حوسێن حوسێنی) بەڕێوەچوو، کە تێیدا لەلایەن (شافی محەمەد حەسەن و ڕۆژان عەبدوڵا ڕەزاق)، کارمەندانی کتێبخانەکە، پێشوازییەکی گەرم لە شاندی فێرخوازان کران، لە میانی سەردانەکەیاندا، فێرخوازان بەشدارییان لە چالاکییەکی ڕێکخراودا کرد بۆ گەڕان و هەڵسەنگاندنی سەرچاوەکان، بۆ ئەوەش هەر فێرخوازێک دوو کتێبی بە زمانی ئینگلیزی هەڵبژارد (یەکێکیان ڕۆمان و ئەویتریان بابەتی زانستی یان مێژوویی) بوو، لە بەشی ئەدەبیاتدا، فێرخوازان بەدواداچونیان بۆ ڕۆمان، چیرۆکی کورت و شیعرە کلاسیک و مۆدێرنەکان کرد بۆ بەهێزکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کارامەیی زمانەوانی. هەروەها لە بەشی کتێبە نا-ئەدەبییەکاندا، ئاشنای ژیاننامەی ناوداران و سەرچاوەکانی زانست، مێژوو، تەکنەلۆژیا و پەرەپێدانی خود بوون، کە ئەمەش ڕۆڵی هەبوو لە فراوانکردنی ئاسۆی مەعریفی و پەرەپێدانی کەسایەتییان.
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، فێرخوازان ڕاهێنانیان لەسەر فێربوونی زمان کرد و، بەدواداچونیان بۆ چەندین سەرچاوە بە زمانی ئەڵمانی کرد و وشەکانیان لە ئاستە جیاوازەکاندا (سەرەتایی، ناوەندی و پێشکەوتوو) دەستنیشان کرد. ئەم ئەزموونە بەراوردکارییە یارمەتیدەر بوو بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی زمان و داڕشتنی ستراتیژیی کاریگەر بۆ فێربوونی وشە نوێیەکان لە خولی زمانی ئەڵمانیدا.
لە کۆتاییدا، فێرخوازان جەختیان لە گرنگیی کتێبخانەکان وەک سەرچاوەی ئەکادیمیی دانەبڕاو کردەوە و ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم سەردانە بووە هۆی بەستنەوەی زانیارییەکانی ناو پۆل بە جیهانی خوێندنەوەی ڕاستەقینە و چاندنی خووی خوێندنەوەی بەردەوام لە لایان.







