فێرخوازانی بەشى شیکارى کیمایی پزیشکى هۆشیاری دەربارەی مەترسییەکانی “خواردنە خێراکان” لە قوتابخانەی جیهانی نێودەوڵەتی بڵاودەکەنەوە
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٠ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی هۆشیاریی تەندروستییان لە قوتابخانەی جیهانی نێودەوڵەتی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە کە بە سەرپەرشتی یاریدەدەری تاقیگە (ئیمان سادق) بەڕێوەچوو، کە بەهۆیەوە فێرخوازان هەوڵیاندا هۆشیاری دەربارەی مەترسییەکانی خواردنە خێراکان (Fast Food) و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر تەندروستی قوتابیان بڵاوبکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا شاندی فێرخوازان لەلایەن (مەحمود عیماد) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و دەستخۆشی لە زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ ئەم جۆرە دەستپێشخەرییە زانستییانە.
پاشان فێرخوازانى زانکۆ کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە (ئیمان عەبدولقادر، ڕێوار بەژدار، و لاوین ئیبراهیم) لە میانی سیمینارێکدا، ڕوونکردنەوەی وردیان دەربارەی پێکهاتە ناتەندروستەکانی خواردنە خێراکان پێشکەش کرد، وەک چەورییە تێرەکان، ڕێژەی بەرزی خوێ و شەکر و، ئەو ماددە پارێزەر و ڕەنگە دەستکردانەی تێیاندا بەکاردێت، کە دەبنە هۆی زیانی کەڵەکەبوو لەسەر جەستە. هاوکات تیشکیان خستە سەر کاریگەرییە مەترسیدارەکانی خواردنی بەردەوامی ئەم جۆرە خۆراکانە کە دەبنە هۆی قەڵەوی، بەرزبوونەوەی کۆلیستڕۆڵ، بەرگری ئینسۆلین و تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ. هەروەها، فێرخوازان باسیان لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی “فێست فوود” کرد لەسەر لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری، کەمبوونەوەی تەرکیزی مێشک و دابەزینی ئاستی زانستیی قوتابیان.
فێرخوازانی زانکۆ چەندین جێگرەوەی تەندروستییان پێشنیار کرد و جەختیان لەسەر گرنگیی خواردنی ماڵەوە و سەوزە و میوە و دانەوێڵە تەواوەکان کردەوە، هاوکات داوایان لە قوتابیان کرد کە کەمتر خواردنەوە گازییەکان بەکاربهێنن و لە تەمەنێکی بچووکەوە خووی تەندروست بۆ خۆیان دروست بکەن.







