فێرخوازانی بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى بەدواداچوون بۆ ژینگەى کارکردن لە تاقیگەکانى نەخۆشخانەی ئارژین دەکەن
سەرۆکایەتى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٩ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستیی مەیدانیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەم بۆ نەخۆشخانەی (ئارژین)ی ڕێکخست.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عەبدوڵا جەودەت) ئەنجامدرا و، سەرەتا لەلایەن (نەوزاد کاکۆ) کارمەندی تاقیگە بە گەرمی پێشوازی لە شاندی زانکۆ کرا، کە تێیدا ڕوونکردنەوەی تێروتەسەلی دەربارەی بەشە جیاوازەکانی تاقیگە، میکانیزمی کارکردنی ڕۆژانە و ئامێرە دەستنیشانکارە مۆدێرنەکانی ناو نەخۆشخانەکەی پێشکەش بە فێرخوازان کرد، پاشان فێرخوازان یەکەی بانکی خوێنیان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاشنای شێوازەکانی جیاکردنەوە و پاکێجکردنی پێکهاتەکانی خوێن بوون، وەک: خانە سوورەکان (RBCs)، خانە سپییەکان (WBCs)، پەڕەکانی خوێن (Platelets)؛ لەم بەشەدا، ڕوونکردنەوەی ورد درا دەربارەی ئامرازەکانی کۆگاکردن و پاراستنی هەر پێکهاتەیەک لە پلەی گەرمی دیاریکراودا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پاراستنی کوالێتی خوێن و ڕێگریکردن لە پیسبوون (Contamination) بۆ گەرەنتیکردنی سەلامەتی پرۆسەی گواستنەوەی خوێن بۆ نەخۆشان. هەروەها، فێرخوازان ئاشنای ئامێری (COBAS e411) بوون کە بۆ پشکنینە بەرگرییەکان (Immunology) بەکاردێت، وەک پشکنینی هۆرمۆنەکان، ڤایرۆسەکان، ڤیتامینەکان و ئەنزیمەکان بۆ نموونە : (CK-MB) هاوکات ئامێرەکانی کیمیای کلینیکییان بینی کە بۆ پشکنینی فەرمانەکانی جگەر (LFT)، فەرمانەکانی گورچیلە (RFT) و ئەلیکترۆلایتەکان بەکاردێن.
لە وێستگەیەکى دیکەی سەردانەکەدا، فێرخوازان لە یەکەی زیندەوەرە وردبینەکان (Microbiology) ئاشنای ئامێری (VITEK) بوون کە بۆ ناسینەوەی جۆری بەکتریا و دیاریکردنی هەستیارییان بۆ دژەبەکتریاکان (Antibiotic Sensitivity) بەکاردێت، جگە لە ئامێری چاندنی خوێن (Bac-T/ALERT) کە بۆ دەستنیشانکردنی گەشەی بەکتریا لە نموونەکانی خوێندا بەکاردێت. چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی زانستی لە نێوان فێرخوازان و ستافی تاقیگە کۆتایی هات.







