فێرخوازانی بەشى شیکاری تاقیگەى پزیشکى دەستپێشخەرییەکی مرۆیی بۆ پشتیوانیکردنی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە ئەنجام دەدەن
لە هەنگاوێکی مرۆیی و ئەخلاقیدا، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی شیکاریی تاقیگەیی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی شەممە (٧ی شوباتی ٢٠٢٦)، هەڵمەتێکی خێرخوازییان بۆ پشتیوانیکردنی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (نەرمین عەلی) بەڕێوەچوو، بۆ گەیاندنی پاڵپشتی مەعنەوی و بەرزکردنەوەی ورەی ئەو منداڵانەى لە قۆناغی چارەسەردان. شاندی زانکۆی جیهان-هەولێر لەلایەن (شکار محەمەد تەها) نوێنەری نەخۆشخانە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. دواتر لەلایەن (محەمەد ئەسعەد عومەر) بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکە بە فێرخوازان ناسێندرا و ئاشنای چۆنیەتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بە تووشبووانی شێرپەنجە بوون.
پاشان فێرخوازان لە ڕێگەی کۆکردنەوەی کۆمەک و بەخشینەوە، دیارییان بەسەر منداڵانی نەخۆشخانەکە دابەش کرد، ئەوەش بووە مایەی دڵخۆشی و خەندە خستنە سەر لێوی منداڵەکان. هەروەها، بڕی پارەی ماوەتەوە لە هەڵمەتەکە وەک هاوکارییەکی دارایی پێشکەش بە بەشی (جینات) لە نەخۆشخانەی نانەکەلی کرا، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی پێداویستییەکانی نەخۆش و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.
ئەم دەستپێشخەرییە ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی زانکۆی جیهان-هەولێرە لە پەروەردەکردنی فێرخوازان لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و بەستنەوەی زانیارییە ئەکادیمییەکان بە خزمەتگوزارییە مرۆییەکان. هاوکات، ئەم چالاکییە لەگەڵ ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان (SDGs)، بەتایبەت ئامانجی سێیەم (تەندروستییەکی باش و خۆشگوزەرانی) و ئامانجی حەڤدەهەم (دروستکردنی هاوبەشی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان) لە نێوان زانکۆ و دامەزراوە تەندروستییەکاندا یەک دەگرێتەوە.







