فێرخوازانی بەشى شیکاری کیمیایی پزیشکى هەڵمەتێکی پشکنین و هۆشیاریی تەندروستی لە کۆمەڵگەی جیهانی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدەن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٥ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی تەندروستی و هۆشیاریی مەیدانییان لە کۆمەڵگەی جیهانی نێودەوڵەتی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هەورێ فەتحی) سەرۆکی بەش بەڕێوەچوو، شاندی فێرخوازان لەلایەن (مەحمود عیماد) بەڕێوەبەری کۆمەڵگەکە پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیدا دەستخۆشی لەم دەستپێشخەرییە کرد و ستایشی ڕۆڵی زانکۆی جیهان-هەولێری کرد لە پشتگیریکردنی چالاکییە تەندروستی و هۆشیارییەکان لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا.
لە میانی چالاکییەکەدا، هەریەک لە فێرخوازان (ساڵح شوان ساڵح، دالیا دلێر مامەند و فاتیمە نایف)، کۆمەڵێک پشکنینی تەندروستیی سەرەکییان ئەنجامدا، کە بریتی بوون لە: دیاریکردنی گروپی خوێن، پێوانەکردنی ئاستی شەکرە و پەستانی خوێن. هەموو پشکنینەکان بەپێی ڕێکارە پزیشکییە باوەکان و بە ڕەچاوکردنی تەواوی مەرجەکانی سەلامەتی و تەعقیمکردن ئەنجامدران. هاوکات فێرخوازان ڕوونکردنەوەی پێویستیان پێشکەش بە بەشداربووان کرد لەبارەی گرنگیی ئەم پشکنینانە و ڕۆڵیان لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن.
چالاکییەکە تەنها لە ئەنجامدانی پشکنین کورت نەبووەوە، بەڵکو فێرخوازانی زانکۆ هەنگاوەکانی هەر پشکنینێکیان بە شێوەیەکی پراکتیکی بۆ قوتابیانی قوتابخانەکە نمایش کرد؛ تێیدا شێوازی وەرگرتنی نموونە، بەکارهێنانی ئامێرەکان و خوێندنەوەی ئەنجامەکانیان بە زمانێکی سادە و گونجاو ڕوونکردەوە.
لە پشکنینی گروپی خوێندا، شێوازی بەکارهێنانی دژەتەنە تایبەتەکانی (Anti-A, Anti-B, Anti-D)یان نیشاندا. لە پشکنینی شەکرەدا، شێوازی بەکارهێنانی ئامێری (Glucometer) و خوێندنەوەی ئەنجامەکان و ناسینەوەی ڕێژە سروشتی و ناتەندروستەکانیان شیکردەوە. هەروەها لە پێوانەکردنی پەستانی خوێندا، شێوازی دروستی بەکارهێنانی ئامێرەکە و واتای ژمارەکانی (سیستۆلیک و دیاستۆلیک)یان بۆ قوتابیان ڕوونکردەوە.







