فێرخوازانی بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى سەردانێکی زانستی بۆ نەخۆشخانەی هەولێری تایبەت ئەنجام دەدەن
فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٢/٤/ ٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ نەخۆشخانەی هەولێری تایبەت ئەنجامدا. ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (مستەفا زەنوون یونس)، ڕێکخرا.
لەگەڵ گەیشتنیان، فێرخوازان لەلایەن (کاوە محەمەد کەریم) بەڕێوەبەری نەخۆشخانە پێشوازییان لێکرا، سەرەتاش کورتەیەکی لەبارەی نەخۆشخانەی هەولێری تایبەت و یەکە سەرەکییەکانی کلینیکی و دەستنیشانکردن بۆ فێرخوازان باس کرد. پاشان ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەسەر پێکهاتەی کارگێڕیی نەخۆشخانەکە، شێوازی کارکردن لە بەشە جیاوازەکان و ئەو پێوەرانەی بۆ چاودێریکردنی نەخۆش و خزمەتگوزارییە تاقیگەییەکان پەیڕەو دەکرێن، پێشکەشى فێرخوازان کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەدا بە شێوەیەکی مەیدانى فێرخوازان تاقیگەکانی دەستنیشانکردنى نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشنای چەندین ئامێری پێشکەوتوو بوون کە لە پشکنین و دەستنیشانکردنی نموونە کلینیکییەکاندا بەکاردێن. هەر لەوێدا، باس لە بنەماکانی کارکردنی ئەو ئامێرانە و جێبەجێکردنیان و گرنگییان لە زانستی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى و پشکنینە ڕۆژانەکانی ناو نەخۆشخانە کرا. هەروەها فێرخوازان زانیاری وردیان وەرگرت لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ نموونەکان، ڕێکارەکانی سەلامەتی، و پڕۆسەکانی چاودێری جۆری (Quality Control) کە لە تاقیگەکانی نەخۆشخانەکەدا پەیڕەو دەکرێن.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، گفتوگۆی کارلێککارانە بەڕێوەچوو، کە تێیدا فێرخوازان پرسیار و تێبینییەکانی خۆیان سەبارەت بە ڕێکارەکانی دەستنیشانکردن و کارەکانی ناو تاقیگە ئاراستە کرد.







