فێرخوازانی بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى ئاشنای ژینگەی تاقیگەیی نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی اربیل دەبن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٠ی شوباتی ٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەنجامدا.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی (دکتۆر حەسەن مەحمود جەندال) بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنیان، فێرخوازان لەلایەن (وشيار نەسرەدین مەحمود) سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی اربیل بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە دانیشتنێکدا تیشکى خستە سەر پێکهاتەی کارگێڕی و ڕێکخراوەیی نەخۆشخانە، خزمەتگوزارییەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشی و پەیڕەوەکانی دڵنیایی جۆری. ئەم پێشوازییە کەشێکی کارلێکەر و زانستیی بۆ فێرخوازان ڕەخساند تا لە نزیکەوە ئاشنای سیستمی کارکردنی دامەزراوە تەندروستییە پێشکەوتووەکان بن. لە میانی گەشتە مەیدانییەکەدا، فێرخوازان بەشە جیاوازەکانی تاقیگەی نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە و ئاشنای نوێترین ئامێرەکانی دەستنیشانکردن و تەکنیکە تاقیگەییە مۆدێرنەکان بوون.
کارمەندان و پزیشکان لە میانەى شیکردنەوەى کارەکانیان جەختیان لەسەر ڕێکارەکانی دەستنیشانکردنی مایکۆبایۆلۆژی، ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی بایۆلۆژی و، شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ نموونە پزیشکییەکان کردەوە. هەروەها ڕوونکردنەوەی پێویستیان دەربارەی گرنگیی ئەنجامەکانی تاقیگە لە بڕیاردانی کلینیکی و بەڕێوەبردنی چارەسەری نەخۆشەکان پێشکەشى فێرخوازان کرد.







