فێرخوازانی بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى بەشدارى لە دیدارى کەزى وەزارەتى خوێندنى باڵا دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (١٥/٢/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم و چوارەمی بەشی زیندەوەرە مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییان لە چالاکییەکی ئەکادیمیی جیاوازدا کرد کە لە هۆتێل شیراتۆن لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
چالاکییەکە بەناونیشانى دیدارى کەزى تایبەت بە ژنان و کچانى ئەکادیمى لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕێکخرابوو، لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی ئافرەتان و ژنان وەک مامۆستا، توێژەر و داهێنەر لە ناوەندە زانستییەکاندا، هەروەها گفتوگۆ لەسەر ئاستەنگییە پیشەییەکانی بەردەم ئافرەتان و ستراتیژییەکانی گەیشتنیان بە پۆستە بڕیاردەرەکان کرا.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی دکتۆر (ئارام محەمەد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە سەرپەرشتی دکتۆر (لەنجە قاسم ئیسماعیل) بەڕێوەچوو، کە بەشدارییان نیشانەی پاڵپشتی دامەزراوەیی بوو بۆ چەسپاندنی یەکسانیی ڕەگەزی. فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر وەک تیمی ڕێکخستن و بەشداربووی دانیشتنەکان ڕۆڵێکی کاریگەریان گێڕا و ئاشنای هەوڵە نیشتمانییەکان بوون. چالاکییەکە بە گفتوگۆیەکی بنیاتنەر کۆتایی هات، کە بووە مایەی بەرزکردنەوەی هۆشیاری فێرخوازان دەربارەی گرنگی سەرکردایەتی ژن لە نێو کایە ئەکادیمییەکاندا.







