فێرخوازانی بەشى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی ئەزموونی پراکتیکی لە نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر وەردەگرن
لە چوارچێوەی پڕۆگرامە فێرکارییە تەواوکارییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر، فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (١٩/١/٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستییان بۆ “نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر” ئەنجامدا.
ئەم گەشتە زانستییە بە سەرپەرشتی دکتۆر (حەسان مەحموود جندال) بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنیاندا، لە لایەن (وشیار نەسرەدین مەحموود) سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازییان لێکرا و پاشان کورتەیەکى دەربارەی پێکهاتەی نەخۆشخانەکە، خزمەتگوزارییەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشی و ڕێکارەکانی دابینکردنی کوالێتی پێشکەشى فێرخوازان کرد.
لە میانەی سەردانەکەدا، فێرخوازان بە تاقیگە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکەدا گەڕان و ئاشنای نوێترین ئامێرەکان و تەکنیکە پێشکەوتووەکانی دەستنیشانکردن بوون. بۆ ئەوەش ستافى تاقیگەکان و کارمەندانى نەخۆشخانەکە تیشکیان خستە سەر ڕێکارەکانی دەستنیشانکردنی مایکرۆبایۆلۆجی، ڕێساكانی سەلامەتی بایۆلۆجی و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ نموونە پزیشکییەکان (Samples)، هەروەها گرنگی ئەنجامەکانی تاقیگە لە دیاریکردنی جۆری چارەسەر بۆ نەخۆش بۆ فێرخوازان ڕوونکرایەوە.







