فێرخوازانی بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس ئەزموونی کلینیکی لە سەنتەری خۆراکی چارەسەری بەدەست دەهێنن
لە بەردەوامى چالاکیە مەیدانیەکانى سەرۆکایەتى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان – هەولێر، کە لە بوارە جیاکانى ژینگەى کارکردن بۆ فێرخوازان ئەنجامى دەدات، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٦/٢/٢٠٢٥) بەسەرپەرشتی (مامۆستاى یاریدەدەر محمد محمد حسێن)، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس بەشداریان لە چالاکیەکى فێربوونی کلینیکی لە (سەنتەری چارەسەری خۆراکى) لە شارى هەولێر کرد.
سەرەتا مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن دکتۆر هەرێز یاسین، پسپۆڕی خۆراک لە سەنتەرەکە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، پاشان کورتە ناساندنێکی لەبارەى کلینیکەکە و خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بە فێرخوازان کرد، دواتر هاوکارى فێرخوازانى کرد بۆ هەڵسەنگاندنى کۆمەڵێک خۆراکی و چۆنیەتى ئەنجامدانى ڕاوێژکاری تەندروستیی، لەوانە پێوانەکردنی پێوەرەکانی بارستەی جەستە (BMI)، شیکاری ڕێژەی گۆڕانکاری بنەڕەتی (BMR)، هەڵسەنگاندنی پێکهاتەی جەستە و، ڕاوێژکارییەکانی خۆراک لە پسپۆڕانی خۆراکی کلینیکی لە بەڕێوەبردنی نەخۆشانی تووشبوو بە تێکچوونی میتابۆلیزم، قەڵەوی و، کەمی ماددە خۆراکیەکان.
بۆ ئەو مەبەستەش دکتۆر هەرێس یاسین و تیمی کلینیکەکە ڕوونکردنەوەی پراکتیکییان پێشکەش بە فێرخوازان کرد لەسەر چۆنیەتی پەرەپێدانی پلانی خۆراکی کەسی لەسەر بنەمای پێداویستی و باری تەندروستی نەخۆشەکان، ئەم ئەزموونەش بووە دەرفەتێکى گرنگى بۆ فێرخوازان ڕەخساند تا زانیاریی گرنگ لە ژینگەیەکی کلینیکی ڕاستەقینەدا بەدەست بهێنن و ئەزمونى بکەن.