فێرخوازانی بەشى پەرستاری تەندروستى کۆمەڵ قوتابیانى ئامادەیی ماردین ئاشناى بنەماکانی فریاگوزاری سەرەتایی دەکەن
لە چوارچێوەی پڕۆژە مەیدانییەکانی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١/٢/ ٢٠٢٦، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانى ئامادەیی “ماردین” لە قەزای خەباتیان کرد و، قوتابیانیان ئاشناى “بنەماکانی فریاگوزاری سەرەتایی” کرد.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا (هۆشیار محی الدین) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازانى بەشى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە ( وسام خبات ، صالح احمد ، اڤین نیرۆ) لە هۆڵی چالاکییەکانی قوتابخانەکە بە وردی تیشکیان خستە سەر بایەخی “کاتی زێڕین” لە کاتی ڕووداوە لەناکاوەکاندا. فێرخوازان جەختیان لەوە کردەوە کە فریاگوزاری سەرەتایی تەنها زانیاری نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی مرۆیی و ئەخلاقییە کە دەبێت هەموو تاکێکی کۆمەڵگە لێی شارەزا بێت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن و پەککەوتنی هەمیشەیی.
پاشان فێرخوازان لە چوارچێوەى چالاکییەکەدا، بەشێوازێکی زانستی و بە بەکارهێنانی ئامرازی تاقیگەیی، باسیان لە چەندین میکانزمى جیاواز بۆ ڕوداوە لەناکاو و کتوپڕەکان کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا فێرخوازان ڕایانگەیاند: “لە کاتی وەستانی کتوپڕی دڵدا، هەر چرکەیەک بایەخی خۆی هەیە، بۆ ئەوەش هانى قوتابیانیان دا شێوازە نوێیەکانی پەستانی سەر سنگ و هەناسەدانی دەستکرد بەکاربهێنن بۆ ئەوەی خوێن بۆ مێشکى ئەو کەسە بڕوات کە دوچارى وەستانى کتوپڕى دڵ بووە تا گەیشتنی تیمە پزیشکییەکان.”
هاوکات لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان بەشێوەیەکى پراکتیکى ئاماژەیان بەوە کرد کە چۆن لە ڕێگەی فشار خستنە سەر ناوچەی ناوپەنچک، دەتوانرێت ئەو تەنە نامۆیانە دەربهێنرێن کە دەبنە هۆی گیرانی کۆئەندامی هەناسە، بەتایبەت لە منداڵان و مێردمنداڵاندا. بۆ دۆخى سوتانیش فێرخوازان ڕوونیان کردەوە: “زۆرێک لە خەڵکی بە هەڵە مەعجونی ددان یان کەرە بۆ سوتاوی بەکاردەهێنن، بەڵام ئێمە ڕێگەی زانستیمان پێ نیشان دان کە ئەویش بەکارهێنانی ئاوی شلەتێن و پاراستنی شوێنی سوتاوییەکەیە لە میکرۆب، لەگەڵ چۆنیەتی ڕاگرتنی خوێنبەربوونی توند لە ڕێگەی پەستانی ڕاستەوخۆوە.”
بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیان پەیوەست بە بنەماکانی فریاگوزاری سەرەتایی تیایدا فێرخوازان بە وردی باسیان لە جۆرەکانی گەستن کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە نابێت شوێنی گەستنەکە ببردرێت یان بمژرێت، بەڵکو دەبێت ئەندامە گەستراوەکە جێگیر بکرێت و نەخۆشەکە بە زووترین کات بگەیەنرێتە نەخۆشخانە.
لە کۆتایی چالاکیەکە پراکتیکیەکەدا، مامۆستا هۆشیار محی الدین، بەڕێوەبەری ئامادەیی ماردین، دەستخۆشییەکی زۆری لە فێرخوازانی زانکۆی جیهان کرد و ڕایگەیاند: “ئەم جۆرە چالاکییانە بۆ قوتابیانی ئێمە زۆر پێویستن، چونکە زانیارییەکانیان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پاراستنی گیانی مرۆڤەوە هەیە و هیوادارین ئەم هەماهەنگییە بەردەوام بێت.”







