فێرخوازانی بەشى پەرستاری تەندروستى کۆمەڵ لە نەخۆشخانەی ئەربیلى نێودەوڵەتیی ئەزموونە کلینیکییەکانیان تاقی دەکەنەوە
فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٢٩/١/٢٠٢٦)، گەشتێکی زانستی و فێرکاریی مەیدانییان بۆ نەخۆشخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر (Erbil International Hospital) ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە کە بە سەرپەرشتیی زانستیی هەریەک لە (مامۆستاى یاریدەدەر ئارام محەمەد برا) و (دکتۆر عامر ئەحمەد دیاب) بەڕێوەچوو، سەرەتا لەلایەن کارگێڕی نەخۆشخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان لە کۆبوونەوەیەکیاندا لەگەڵ (هاوڕێ سەفەددین) بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکانی نەخۆشخانە، ئاشنای ژینگەی کارکردنی پرۆفێشناڵ و ئەو پێوەرانە بوون کە نەخۆشخانە نێودەوڵەتییەکان بۆ دامەزراندنی کادیری پەرستاری پەیڕەوی دەکەن.
پاشان فێرخوازان لە چوارچێوەى گەشتە زانستیەکەیاندا، بەشێوەیەکى مەیدانى ئاشنای کاروبارى پەرستاران لە بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکە بوون بەتایبەت لە فریاکەوتن، نۆڕینگە دەرەکییەکان و یەکەی کۆنترۆڵکردن، بۆ ئەوەش لە نزیکەوە ئاشنای پڕۆتۆکۆلە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی نەخۆش و کارمەندان بوون لە گواستنەوەی نەخۆشییەکان و، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ جۆرە جیاوازەکانی نەخۆش و جێبەجێکردنی پلانە پەرستارییەکان (Nursing Care Plans) بە شێوەیەکی خێرا و ورد.
یەکێک لە وێستگە هەرە گرنگەکانی ئەم سەردانە، بەسەرکردنەوەی یەکەی چاودێریی چڕ (ICU) بوو، بۆ ئەو مەبەستەش ئاشناى ئامێرە پێشکەوتووەکانی چاودێریکردنی نیشانەکان و، ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکرد بوون؛ تێگەیشتین کە ئەرکى پەرستاری لەم بەشەدا تەنها پێشکەشکردنی دەرمان نییە، بەڵکو چاودێرییەکی بەردەوام و زانستییە کە پێویستی بە وردبینییەکی یەکجار زۆر هەیە بۆ پاراستنی ژیانی ئەو نەخۆشانەی لە دۆخی مەترسیداردان.
لەکۆتاییدا، مامۆستایانى سەرپەرشتیار سوپاسى ستافى نەخۆشخانەکەیان کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە، هاوکات فێرخوازانی بەشى پەرستاری تەندروستى کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر جەختیان لە گرنگى ئەو جۆرە سەردانە مەیدانیان کردەوە بۆ ئاشنابوون بە ژینگەى کارکردن.







