فێرخوازانی بەشى پەرستاری تەندروستى کۆمەڵ هۆشیاریی دەربارەی “پاکوخاوێنیی کەسی” لە ئامادەیی سازانی کچان بڵاودەکەنەوە
لە چوارچێوەی چالاکییە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی بەشی پەرستاریی تەندروستی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٥ی شوباتی ٢٠٢٦)، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی پەرستاری تەندروستى کۆمەڵ، سیمینارێکی هۆشیاریی تەندروستییان بە ناونیشانی “پاکوخاوێنیی کەسی و گرنگیی پەیڕەوکردنی ڕەفتارە تەندروستەکان” لە ئامادەیی سازانی کچان پێشکەش کرد.
شاندی فێرخوازان سەرەتا، لەلایەن خاتوو (سیهام عەبدوڵڵا) یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان هەردوو فێرخواز (لینا ئیبراهیم) و (یاڵدا بەشار) لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى بابەتەکەیان پێشکەش کرد. لە تەوەرەی یەکەمدا، لینا ئیبراهیم بابەتێکی بە ناونیشانی “گۆڕانکارییە جەستەییەکان لە قۆناغی هەرزەکاریدا” پێشکەش کرد؛ تێیدا ڕوونی کردەوە کە ئەم قۆناغە گۆڕانکاریی سروشتیی تێدایە کە پێویستی بە گرنگیدانی زیاتر هەیە بە پاکوخاوێنیی کەسی. هەروەها جەختی لەسەر خووە ڕۆژانە تەندروستەکان کردەوە وەک: خۆشۆردنی بەردەوام، پاککردنەوەی ددانەکان، شتنی دەستەکان و گرنگیدان بە قژ و نینۆکەکان، کە ڕۆڵیان هەیە لە پاراستنی تەندروستی، دەستەبەرکردنی ئاسوودەیی و بەرزکردنەوەی متمانە بەخۆبوون.
لە تەوەرەی دووەمدا، فێرخواز یاڵدا بەشار بابەتێکی بە ناونیشانی “پاکوخاوێنی لە کاتی سووڕی مانگانەدا” پێشکەش کرد. ئاماژەی بەوە کرد کە سووڕی مانگانە پڕۆسەیەکی سروشتی و تەندروستە و پێویستە لەم ماوەیەدا ڕێکارە دروستەکانی پاکوخاوێنی پەیڕەو بکرێن. تیشکی خستە سەر شێوازی دروستی پاکڕاگرتنی ناوچە هەستیارەکان و شتنی دەستەکان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەوکردن و پاراستنی تەندروستیی جەستەیی و ژینگەیی.
قوتابیانی قوتابخانەکە بە شێوەیەکی کارا کارلێکیان لەگەڵ تەوەرەکانی سیمینارەکەدا کرد و هاندران بۆ ئەوەی زانیارییە بەدەستهاتووەکان وەک بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەیان جێبەجێ بکەن. لە کۆتایی چالاکییەکەدا، کارگێڕیی قوتابخانەی سازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم سیمینارە بایەخدارە و، هیوایان خواست هەماهەنگییەکانی نێوان زانکۆ و قوتابخانەکە لەپێناو خزمەتی زیاتری قوتابیان بەردەوام بێت.






