فێرخوازانی بەشى پەیوەندییە نێودەوڵەتى و دبلۆماسییەکان لە ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبێکی دکتۆر عەبدولسەتار جەواددا بەشدار دەبن
لە چوارچێوەی گرنگیدان بە چالاکییە ڕۆشنبیری و زانستییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٥/٢/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییان لە کۆڕێکی ڕۆشنبیریی یەکێتیی نووسەرانی کورد – لقی هەولێر کرد، کە لە هۆڵی (شەهید مەهدی خۆشناو) بەڕێوەچوو.
شاندی فێرخوازان کە پێکهاتبوون لە (عەبدوڵڵا خالید، محەمەد عەزیز، دلۆڤان ئەمجەد و خەبیر عەبدولڕەزاق)، لەلایەن (لازم مەعروف) و ڕێکخەرانی کۆڕەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. ئەم چالاکییە تایبەت بوو بە ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی (Literary Journalism in England and Egypt) لەلایەن نووسەر، پڕۆفیسۆر دکتۆر عەبدولسەتار جەواد.
لە میانی کۆڕەکەدا، نووسەر تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی کتێبەکەی کە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە و بریتییە لە توێژینەوەیەکی زانستیی بەراوردکاری لە بواری “ڕۆژنامەوانیی ئەدەبی” لە نێوان هەردوو وڵاتی میسر و بەریتانیا. دکتۆر عەبدولسەتار جەواد دوای شیکردنەوەی تەوەرەکانی کتێبەکە، وەک نیشانەیەک بۆ ڕێز و پێزانین بەرامبەر پێگەی زانستیی زانکۆ، نوسخەیەکی تایبەتی لە کتێبەکەی بە دیاری پێشکەش بە کتێبخانەی ناوەندیی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد، هاوکات کتێبەکە بەسەر فێرخوازان و ئامادەبووانی کۆڕەکەدا دابەشکرا.
لای خۆیانەوە، فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی نووسەر کرد بۆ ئەو دیارییە زانستییە بەنرخە. جەختیشیان لەوە کردەوە کە بەشداریکردن لەم جۆرە چالاکییە ڕۆشنبیرییانە، ڕۆڵێکی کارای هەیە لە بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی و ڕۆشنبیریی فێرخوازان و ئاشنابوونیان بە سەرچاوە زانستییە جیهانییەکان و ئەزموونی نووسەرە لێهاتووەکان.







