فێرخوازانی بەشى ژمێریاری ڕێکارە داراییەکان لە بانکی ناوەندیی عێراق بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (١١ی شوباتی ٢٠٢٦)، بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستیی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشەکە بۆ لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق ڕێکخست.
ئەم سەردانە بەسەرپەرشتی مامۆستا (ڕێبین بیلال محەمەد) ئەنجامدرا و لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن (عەلی جەلیل جەلال) بەڕێوەبەری ڕاهێنان و پەرەپێدان لە بانکەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، کە تێیدا کورتەیەکی دەربارەی ڕۆڵی بانکەکە لە پاراستنی سەقامگیری دارایی و سەرپەرشتیکردنی بانکە بازرگانییەکان لە عێراق پێشکەش کردن.
لە میانی سەردانەکەدا، (محەمەد ئیسماعیل قەهار) بەڕێوەبەری خەزێنە، ڕوونکردنەوەیەکی وردی دەربارەی دیناری عێراقی پێشکەش بە فێرخوازان کرد. هاوکات پرۆسەی دەرکردنی دراوی نیشتمانی، قۆناغەکانی چاپکردن و دابەشکردنی دراو بەسەر بانکەکان و ئەو میکانیزمانەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تێچوونی دراو لە بازاڕ و جێگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ بەکاردێن، بۆ فێرخوازان شیکردەوە. هەروەها فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای ڕێکارەکانی وەرگرتنی نەختینە، ژماردن، جیاکردنەوە و کۆگاکردنی دراو بوون، لەگەڵ فێربوونی شێوازەکانی ناسینەوەی دراوی تێکچوو و ساختە.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، بایەخێکی زۆر درا بە ڕۆڵی بانکی ناوەندی لە بەڕێوەبردنی نەختینەی بازاڕ و ئەو ڕێکارە ژمێریارییانەی لە تۆمارکردنی جوڵەی نەختینە و پرۆسەکانی خەزێنەدا پەیڕەو دەکرێن. بۆ ئەوەش جەخت لەسەر گرنگیی سیستمی چاودێری ناوخۆیی، وردی لە بەڵگەنامەسازی و شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی سامانی گشتیدا کرایەوە.
لە کۆتاییدا مامۆستا ڕێبین بیلال سوپاسی ستافی بانکی ناوەندی کرد بۆ ڕەخساندنى ئەو دەرفەتە بۆ فێرخوازانى بەشەکەیان.







