فێرخوازانی بەشى کارگێڕی کار بەشداری کارا لە هەڵمەتی پاککردنەوەی قوتابخانەکانی هەولێر دەکەن
بۆ ڕەخساندنى ژینگەیەکى گونجاو و لەبار بۆ خوێندن و پاککردنەوەى قوتابخانەکان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٥-٢٠٢٦)، بە چاودێری سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشەکە بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوەی قوتابخانەکانی سەنتەرى شاری هەولێردا کرد.
لەو هەڵمەتەدا، کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (20/9/2025) بەڕێوەچوو، فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار هەموو تواناکانیان خستەکار بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی پاک و تەندروست بۆ قوتابیانى قوتابخانەکان، بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن. بۆ ئەوەى کەشێکی لەبار بۆ فێربوون بۆ قوتابیان بڕخسێنن، چونکە ژینگەیەکی پاک و ڕێک و تەندروست بنەمای سەرەکی سەرکەوتنی پڕۆسەی پەروەردەیە. بەو بۆنەیەوە فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن و ئەنجامدانی ئەم جۆرە کارە خزمەتگوزارییانە و جەختیان لەسەر بەردەوامبوونیان لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا کردەوە کە سوود بە کۆمەڵگە دەگەیەنن.
ئەم هەڵمەتە بەهەماهەنگی تیمەکانی پاراستنی تەندروستی تەندروستی قوتابخانەکان و تیمەکانی کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر و، زانکۆى جیهان-هەولێر و یەکێتیی قوتابیان و لاوانى کوردستان بەڕێوەچوو.