فێرخوازانی بەشى کارگێڕی کار زیاتر لە ١٢٠ کتێب پێشکەش بە ئامادەیی هەولێری کچان دەکەن
لە چوارچێوەی دەسپێشخەرییە کۆمەڵایەتی و مەعریفییەکان و بە دروشمی “زەکاتی زانست”، فێرخوازانى بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٧/١/٢٠٢٦، دیارییەکی کەلتوری و زانستیان پێشکەش بە کتێبخانەی ئامادەیی هەولێری کچان بۆ بەهرەمەندان (المتفوقات) کرد.
ئەم پڕۆژەیە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (قوسەی حەمید سەلامی) ئەنجامدرا، کە تێیدا شاندێکی فێرخوازان زیاتر لە ١٢٠ کتێبی جۆراوجۆریان پێشکەش بە کتێبخانەی قوتابخانەکە کرد. کتێبەکان پێکهاتبوون لە چاپکراوەکانی زانکۆی جیهان و کتێبی تری بەخشراو لە لایەن فێرخوازانی بەشەکە، کە بوارەکانی (ئەدەب، یاسا، کارگێڕی، ژمێریاری و سیاسەت) بە سێ زمانی (کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی) لەخۆگرتبوو. ئامانجی ئەم کارە هاندانی فێرخوازانی ئامادەیی بوو بۆ خوێندنەوە و فراوانکردنی ئاسۆی مەعریفییان.
شاندی زانکۆ لە لایەن خاتوو (ڕووقیە سەڵاحەدین شاکر) بەڕێوەبەری قوتابخانە و ستافی مامۆستایان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. بەڕێوەبەری قوتابخانە دەستخۆشی لەم کارە کرد و بە نموونەیەکی جوانی هەماهەنگی نێوان زانکۆ و ناوەندە پەروەردەییەکان لە قەڵەم دا، کە دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی سەرچاوەکانی کتێبخانە و برەودان بە کەلتوری خوێندنەوە و توێژینەوەی زانستی لای قوتابیانى قوتابخانەکە.







