فێرخوازانی بەشى یاسا لە ئامادەیی ناوداران باسیان لە بارودۆخی کورد لە سووریا و یاسای نێودەوڵەتی پێشکەش کرد
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٢/٢/٢٠٢٦، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر چالاکییەکی هۆشیاریی زانستییان بۆ قوتابیانى پۆلى پێنجەمی ئامادەیی “ناوداران”ی ئەهلی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە هەماهەنگی و سەرپەرشتی (پێشەوا شەفیق خۆشناو)، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بەڕێوەچوو، کە دەستخۆشی لەم دەسپێشخەرییەى فێرخوازان کرد و، جەختی لەسەر گرنگیی بەستنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن بە پرسە هەنووکەییەکانی ناوچەکە کردەوە، پاشان فێرخوازان بە ناونیشانی “دۆخی ئێستای کورد لە سووریا و هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتی”، ناوەڕۆکى باسەکەیان پێشکەش کرد و، تیایدا تیشکیان خستە سەر ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی کێشەی کورد لە سووریا ، سەرەتاش پێناسەیەکی وردی مێژووییان بۆ ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی بەدرێژایی مێژوو پێشکەش کرد. هەروەها، سیمینارەکە شیکردنەوەیەکی قووڵی بۆ سروشتی ڕێککەوتننامە سیاسی و یاساییەکانی نێوان کورد و حکومەتی سووریا لەخۆگرت و، پاشان باسیان لە کاریگەریی ئەم ڕێککەوتنانە لەسەر دیمەنی گشتی و پەیوەندیی نێوان هەردوولا کرا لەژێر سایەی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا، تیشک خرایە سەر هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی سووریا؛ تێیدا فێرخوازان بنەما یاساییەکانی تایبەت بە ململانێکان و مافی پێکهاتەکانیان شیکردەوە و بە وردی باسیان لەو ڕێکارانە کرد کە پێویستە بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بگیرێنەبەر بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی پێویست بۆ مەدەنییەکان. چالاکییەکە کارلێکێکی بەرچاوی فێرخوازانی ئامادەیی بەخۆیەوە بینی، کە لە ڕێگەی پرسیارەکانیانەوە دەربارەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی دادپەروەریی نێودەوڵەتی، بابەتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.







