فێرخوازانی بەشی ئینگلیزی لە ڕێگەی شیعر و هونەرەوە هەستی نیشتمانپەروەری لە نێو قوتابیانى پەیمانگەى جیهان بەرز ڕادەگرن
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی (٩ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، چالاکییەکی ئەدەبی و هونەرییان بە ناونیشانی “نیشتمانم خۆشدەوێت” و “نیشتمان خاکی منە” لە پەیمانگەی جیهان ئەنجامدا.
ئەم دەستپێشخەرییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (مەروە مەحمود ئەمین) بەڕێوەچوو و، لە کاتی گەیشتنی شاندی زانکۆ، لەلایەن (هێوا محەمەد مەجید) بەڕێوەبەری پەیمانگە و (محەمەد حەسەن ئاغا) سەرۆکی بەشی کارگێڕی کار لە پەیمانگەى جیهان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لە میانەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازانی زانکۆ چەندین پارچە شیعری نیشتمانییان پێشکەش کرد کە گوزارشتیان لە عەشق و شانازیی بۆ خاک و نیشتمان دەکرد. لە کاتی خوێندنەوەی شیعرەکاندا، فێرخوازان تیشکیان خستە سەر ڕەگەزە ئەدەبییەکان وەک (وێنەی شیعری، ڕەمز، کێش و ئاواز) بۆ ئەوەی قوتابیانی پەیمانگەکە جگە لە مانا، لە ڕەهەندە هونەرییەکانی شیعریش تێبگەن. دواتر شیکردنەوەی ورد بۆ هەر دێڕێک کرا و پەیوەندی نێوان خۆشەویستی نیشتمان و ئازادی و ئەو ئاستەنگییانەی ڕووبەڕووی نەتەوە دەبنەوە، بۆ قوتابیانى پەیمانگە ڕوون کرایەوە. هەروەها گفتوگۆیەکی زانستی دەربارەی مێژوو و دەستکەوت و فەرهەنگی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆتا بڕگەی چالاکییەکەدا، فێرخوازان و قوتابیان بەیەکەوە و لە ڕێگەی هونەری (نەخشاندن بە پەنجە) ئاڵای کوردستانیان کێشا. بەشداربووان ڕەنگە سوور، سەوز، زەرد و سپییەکەی ئاڵای کوردستانیان وەک هێمایەک بۆ وەفا و شانازی نەخشاند، هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم کارە هونەرییە، چەندین سروودی نیشتمانی پەخش کران کە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشی لای ئامادەبووان دروست کرد.







