فێرخوازانی بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە کۆمپانیای مۆدێرن پاوەر ئاشنای تەکنیکە نوێیەکانی ڕووناکی دەبن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (٢٣/١١/٢٠٢٥)، سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گەشتێکی زانستیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی سێیەم بۆ کۆمپانیای (مۆدێرن پاوەر) بۆ ڕووناکی ڕێکخست.
سەردانەکە بە سەرپەرشتیی دکتۆر (ئیسماعیل ئیبراهیم خەلیفە) بەڕێوەچوو، بەگەیشتنى فێرخوازان لەلایەن (ئەحمەد سەباح سلێمان)ـەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا. پاشان شیکردنەوەیەکی وردی دەربارەی سروشتی کاری کۆمپانیاکە پێشکەش بەفێرخوازان کرد و، تیشکی خستە سەر تەکنەلۆژیا مۆدێرنەکان لە جیهانی ڕووناکیدا، هەروەها باسى جۆرەکانی گڵۆپی پێشکەوتوو و شێوازە داهێنەرانەکانی دیزاینی ڕووناکی کرد، پاشان ئاماژەى بە ڕۆڵی گرنگی ڕووناکیی لە دروستکردنی هەستکردن بە شوێن و کاریگەریی لەسەر کەش و فەنکشن لە ژینگە نیشتەجێبوون و بازرگانی و گشتییەکاندا ڕوون کردەوە.
هەر لە میانەی شیکردنەوەکەیەدا، فێرخوازانى ئاشنای کۆمەڵێک سیستمی ڕووناکی کرد، وەک تەکنیکەکانی (LED)، چارەسەرەکانی ڕووناکیی کەمخەرجى (Energy-saving)و، سیستمی ڕووناکیی زیرەک. دواتریش ئەحمەد سەباح سلێمان باسى لەوە کرد کە چۆن ئەو تەکنیکانە پاڵپشتیی ئاڕاستە نوێیەکانی دیزاین و پێوەرەکانی بەردەوامی (Sustainability) دەکەن. هاوکات باس لە دەرفەتەکانی کار لە کەرتی ڕووناکیدا کرد، بۆ ئەوەش ئامۆژگاریی گرنگى پێشکەش بە فێرخوازان کرد بۆ پەرەپێدانی شارەزاییە تەکنیکی و هونەرییەکانیان.
لە کاتی گەشتەکەدا، دکتۆر ئیسماعیل خەلیفە ڕێنمایی فێرخوازانی کرد بۆ تێبینیکردنی دابەشکردنی ڕووناکی، شێوازی جێگیرکردنی ئامێرەکان و چۆنیەتیی کارلێکی ڕووناکی لەگەڵ ڕەنگ و ماددەکان لە بۆشاییە ناوخۆییەکاندا، هەروەک جەختیشی لەوە کردەوە کە شارەزابوون لە بنەماکانی دیزاینی ڕووناکی، توخمێکی سەرەکییە بۆ ئەندازیاری تەلارساز بۆ خوڵقاندنی ژینگەیەکی ئاسوودە و کاریگەر و سەرنجڕاکێش.






