فێرخوازانی بەشی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆ بە سەردانێکی زانستیی سەنتەری بازرگانیی جیهانیی هەولێر بەسەردەکەنەوە
لە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (٢٧/١٠/٢٠٢٥)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئۆس ئەحمەد عەبدولحەمید)، سەردانێکی زانستییان بۆ سەنتەری بازرگانیی جیهانیی هەولێر ئەنجامدا.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مستەفا ئەحمەد ئەندازیاری کارەبای پڕۆژەکە، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، ئینجا باسى لایەنى تەلارسازیی پڕۆژەکە و شێوازی دیزاینی ناوخۆی بۆ فێرخوازان کرد و، ڕوونی کردەوە کە چۆن لایەنى بازرگانی و کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکان لە چوارچێوەی سیستمێکی بۆشاییی یەکپارچەدا یەکخراون، لەگەڵ ئەوەشدا جەختى لەسەر پیادەکردنی تەکنەلۆژیاکانی بیناسازیی بەردەوام و بەکارهێنانی ماددە ژینگەدۆستەکان و تەکنەلۆژیا ژیرەکان کردەوە، کە بەشداری لە بەرزکردنەوەی کارایی وزە و ئاستی کارکردن دەکەن.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، کە لە میانەى بەسەرکردنەوەى پرۆژەکەدا پێشکەشى فێرخوازانى دەکرد، ئەندازیاری کارەبای پڕۆژەکە باسی لە بەکارهێنانی ستراتیژیی ڕووناکیی سروشتی، هەواگۆڕکێ و جووڵەی ستوونی لە بیناکەدا کرد بە ئامانجی باشترکردنی ئاسوودەیی و کارایی، هەروەک ئاماژەی بەوەشدا کە بەکارهێنانی فراوانی ڕووبەرە شەفافەکان توخمێکی بنەڕەتیی دیزاینیەکەیە و، ناسنامەیەکی هاوچەرخی تایبەت بە بیناکە دەبەخشێت.






