فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکال سەردانێکی زانستی بۆ تاقیگەی توێکاری (Anatomy) لە زانکۆی پزیشکیی هەولێر ئەنجام دەدەن
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییەکاندا بۆ دەوڵەمەندکردنی لایەنی کرداری و ئەکادیمی، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (١٥/١٢/٢٠٢٥)، فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی بایۆمیدیکال (Biomedical Sciences) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی مەیدانییان بۆ تاقیگەی توێکاری (Anatomy) لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی پزیشکیی هەولێر ئەنجامدا.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆر دکتۆر (میرزا هەمزە حەمادی) بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لەلایەن دکتۆر (زاهیر تاهیر)ـەوە پێشوازی لە گروپی فێرخوازان کرا و سەرەتای دیدارەکە بە کورتە باسێک لەسەر تاقیگەی توێکاری و ڕۆڵی گرنگی لە فێرکردنی پزیشکی و ڕاهێنانی کلینیکیدا دەستی پێکرد.
لە میانی بەسەرکردنەوەکەدا، فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای ئامێر و تەکنیکەکانی تاقیگەی توێکاری بوون، لەوانەش بینینی نموونە توێکارییە پارێزراوەکان، مۆدێلە فێرکارییەکان و ئەو ئامێرانەی لە خوێندنی پێکهاتەکانی جەستەی مرۆڤدا بەکاردێن. هەروەها، ڕوونکردنەوەی وردیان پێشکەش کرا سەبارەت بە ڕێگەکانی ئامادەکردنی نموونەکان و تەکنیکەکانی پاراستنیان، سەرباری ئاشنابوون بەو پێوەرە ئەخلاقییانەی لە فێرکردنی زانستی توێکاریدا پەیڕەو دەکرێن. هەر لەو میانەیەدا جەخت لەوە کرایەوە کە زانیاریی توێکاری بەردی بناغەیە بۆ دەستنیشانکردنی کلینیکی، ئەنجامدانی نەشتەرگەری و بڕیاردانی پزیشکی دروست.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر (میرزا هەمزە حەمادی) سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی پزیشکیی هەولێر کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەم سەردانە سوودێکی زانستی زۆری بۆ فێرخوازان هەبووە، بەو پێیەی ڕۆڵی هەبووە لە ناساندنی چەمکە سەرەکییەکانی زانستی توێکاری، پێکهاتەی وانەکان و شێوازی یەکەەکانی خوێندن، هەروەها ڕوونکردنەوەی میکانیزمی تەواوکاری لە نێوان خوێندنی تیۆری و جێبەجێکردنی کرداری لە تاقیگەکاندا.







