فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ بەشداری لە پرۆگرامی “دکتۆر ئاراس” دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (١٨/١٢/٢٠٢٥)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییان لە پرۆگرامی تەندروستی “دکتۆر ئاراس” کرد، کە لە کەناڵی ڕووداو پەخش دەکرێت. ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی دەسپێشخەرییەکی ئەکادیمیدا هات بۆ بەهێزکردنی کارامەیی فێرخوازان لە بواری پەیوەندییە پزیشکییەکان و ئامادەکردنی ناوەڕۆکی میدیایی تەندروستی.
ئامادەبوونی فێرخوازان لە ستۆدیۆی پرۆگرامەکەدا دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ئاشنابوونی ڕاستەوخۆ بە میکانیزمەکانی ئامادەکردن و پێشکەشکردنی پرۆگرامی پزیشکیی پرۆفیشناڵ. فێرخوازان لە نزیکەوە ئاگاداری هەنگاوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی پرۆگرامى پزیشکی بوون، لە هەڵبژاردنی بابەتە زانستییەکان و ئامادەکردنی ماددە هۆشیارییەکانەوە تا دەگاتە ڕێکخستنی بڕگەکانی پرۆگرامەکە و داڕشتنەوەی زانیارییە پزیشکییەکان بە زمانێکی سادە و ڕوون، کە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە گونجاو بێت.
هەروەها فێرخوازان ئاشنای ئەو شێوازانە بوون کە تیمی پرۆگرامەکە بۆ دەستەبەرکردنی دروستیی زانیارییەکان و سەرنجڕاکێشیی خستنەڕووی بابەتەکان پەیڕەوی دەکەن، لەگەڵ چۆنیەتی سادەکردنەوەی زاراوە زانستییە ئاڵۆزەکان و پاراستنی متمانەی زانستی لە کاتی تاوتوێکردنی پرسە تەندروستییەکان لە پلاتفۆرمە میدیاییەکاندا.
ئەم بەشداریکردنە لە پرۆگرامی “دکتۆر ئاراس” ڕۆلێکی کاریگەری هەبوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی فێرخوازان بۆ بنەماکانی پەیوەندی پزیشکی و ڕۆڵی میدیا لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لەناو کۆمەڵگەدا، ئەمەش پاڵپشتییەکی بەهێز دەبێت بۆ پەرەپێدانی لایەنی ئەکادیمی و پیشەیی داهاتوویان لە بوارەکانی گەیاندنی زانستی و پەروەردەی تەندروستیدا.






