فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ سەردانێکی زانستییان بۆ تاقیگەکانی نەخۆشخانەی ئەربیلى نێودەوڵەتی ئەنجامدا
گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان–هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (١/٢/٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستییان بۆ بەشی تاقیگەکانی نەخۆشخانەی ئەربیلى نێودەوڵەتی ئەنجامدا.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) بەڕێوەچوو. شاندی فێرخوازان سەرەتا لە لایەن دکتۆر (کاسپەر ئیسماعیل عەبدوڵا)، سەرۆکی بەشی تاقیگەکان، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا؛ پاشان کورتەیەکی دەربارەی پێکهاتە کارگێڕی و تەکنیکییەکانی تاقیگە پزیشکییە هاوچەرخەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد. پاشان هاوەڵى فێرخوازانى کرد و، بەشێوەیەکى مەیدانى لە نزیکەوە فێرخوازانى ئاشنای پڕۆتۆکۆڵە وردەکانی پێشوازیکردن لە نەخۆش و ڕێکارە ستانداردەکانی وەرگرتن، مامەڵەکردن و پۆلێنکردنی نموونەکان کرد، هەروەها، فێرخوازانى ئاشنای نوێترین تەکنەلۆژیا و ئامێرە پێشکەوتووەکان کرد، کە لە شیکارییە بایۆکیمیاییە ئاڵۆزەکاندا بەکاردێن، تێیدا کارمەندانى تاقیگەکان و پزیشکان جەختیان لەسەر پرۆسەی گۆڕینی داتا تاقیگەییەکان بۆ ئەنجامە دەستنیشانکارییە وردەکان کردەوە، کە ڕاستەوخۆ پشتگیریی بڕیاری کلینیکی و پڕۆسەی چارەسەری نەخۆش دەکەن
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و ستافی لێهاتووی تاقیگەی نەخۆشخانەی ئەربیلى نێودەوڵەتی کرد و، دەستخۆشی لە ڕۆڵی کاریگەریان کرد لە پشتگیریکردنی کاروانی زانستیی فێرخوازان و ڕەخساندنی هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکان و کەرتی تەندروستی، بە مەبەستی پێگەیاندنی نەوەیەکی بەتوانا و لێهاتوو لە کادرە پزیشکییەکانی داهاتوو.







