فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ سەردانێکی زانستییان بۆ تاقیگەی شارى پزیشکى ئەنجامدا
بۆ ئاشناکردنی فێرخوازان بە ژینگەی کارکردنی ڕاستەقینە، فێرخوازانی قۆناغی سێیەم (گرووپی B) لە بەشی بایۆمیدیکاڵ، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (١/٢/٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستییان بۆ تاقیگەی شارى پزیشکى (المدينة الطبية) ئەنجامدا.
ئەم سەردانە مەیدانییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) ڕێکخرابوو. لە سەرەتای گەشتەکەدا، شاندی فێرخوازان لە لایەن (ڕەسول حاجی ساڵح)، سەرپەرشتیاری تاقیگەی شارى پزیشکى پێشوازییان لێکرا. بۆ ئەو مەبەستەش بەشێوەیەکى مەیدانیی باسى بنەماکانی کارکردنى لە تاقیگە پێشکەوتووەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، تێیدا جەختی لەسەر بایەخی ستراتیژیی پرۆسەی کالیبرەیشن (Calibration)ی ئامێرە پزیشکییەکان و سیستمەکانی چاودێریی وردی کوالێتی (Quality Control) کردەوە، وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ دەستەبەرکردنی ئەنجامی بێخەوش.
پاشان دەرفەتى بە فێرخوازاندا لە نزیکەوە ئاشنای میکانیزمی کارکردن و شێوازی کارکردنى ئامێرە مۆدێرنەکان بن، بەتایبەت سیستمی (Snibe Maglumi X3) کە یەکێکە لە ئامێرە هەرە پێشکەوتووەکانی جیهان بۆ شیکاریی بەرگریی جەستە (Immunoassay)، لەگەڵ ئامێرە جیاوازەکانی شیکاریی خوێن (Hematology Analyzers). هەروەها، ڕەسول حاجی ساڵح ڕوونکردنەوەی تەکنیکیی وردی دا دەربارەی چۆنیەتی دامەزراندن و ناساندنی کیتە دەستنیشانکارییە نوێیەکان (Diagnostic Kits) لەسەر سیستمەکان و، شێوازی پرۆگرامکردنیان بۆ ئەوەی بەرزترین ئاستی وردی (Accuracy) و متمانەپێکراوی (Reliability) لە دیاریکردنی نەخۆشییەکاندا بپێکن، ئەمەش وای کرد فێرخوازان تێگەیشتنێکی قووڵیان بۆ پەیوەندی نێوان کارلێکی کیمیایی و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی تاقیگەیی لا دروست بێت.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر (هێرۆ ئیسماعیل محەمەد) بەناوى سەرۆکایەتى بەشى بایۆمیدیکاڵ سوپاسى سەرپەرشتیار و ستافی تاقیگەکەی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە و هاوکارییە بۆ فێرخوازان.







