فێرخوازانی بەشی تەکنیکیی وێنەگرتنی تیشکی لە ئامادەیی ڤاناسى کچان هۆشیاری تەندروستی لەبارەى شێرپەنجەی مەمک بڵاودەکەنەوە
لە ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٩/١٠/٢٠٢٥)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی تەکنیکیی وێنەگرتنی تیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (نوور سامی عومەر)، سەردانێکی مەیدانییان بۆ ئامادەیی ڤاناسى کچان لە هەولێر ئەنجامدا.
فێرخوازان دواى پێشوازیکردنیان لەلایەن مامۆستا (ڕامان عیزەدین عومەر)، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، ئینجا فێرخوازان ناوەڕۆکى چالاکییەکەیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد و، باسیان لەبارەى گرنگیی تەکنیکەکانی وێنەگرتنی تیشکی لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمکدا کرد، لەگەڵ تیشک خستنە سەر هۆکارەکانی مەترسی و گرنگیی زوو دۆزینەوە و ڕۆڵی لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی چاکبوونەوەدا. هەروەها شێوازە سەرەکییەکانی پشکنینی خۆدى بە شێوازێکی سادە بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە ڕوون کردەوە.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا، گفتوگۆی بەرهەمدار لە نێوان کچانی قوتابخانەکە و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرا، کە تێیدا وەڵامی پرسیارەکانیان درایەوە سەبارەت بە تەندروستیی ئافرەتان و ڕێگەکانی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستا (ڕامان عیزەدین عومەر)، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەربڕی و وتی: “بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لە نێوان کچانی قوتابخانەدا هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دروستکردنی نەوەیەکی هۆشیار و توانادار بۆ پاراستنی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان، و ئێمە ئەم هاوکارییە بنیاتنەرە لەگەڵ زانکۆی جیهان – هەولێر بەرز دەنرخێنین.”







