فێرخوازانی بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان هەڵمەتێکی هۆشیاری و پشکنینی تەندروستی لە ئامادەیی هێوری کچان ئەنجام دەدەن
لە چوارچێوەی چالاکییە مەیدانی و زانستییەکاندا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٥/٢/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ ئامادەیی (هێور)ی ناحکومی کچان ئەنجامدا، بە مەبەستی پێشکەشکردنی سیمینارێکی هۆشیاری و ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (محەمەد محەمەد حوسێن ڕەئوف) بەڕێوەچوو، سەرەتاش لەلایەن مامۆستا (ئاوات یوسف ئەحمەد) و ستافی مامۆستایانی ئامادەییەکە بە گەرمی پێشوازی لە فێرخوازانی زانکۆ کرا.
لە بەشی یەکەمی چالاکییەکەدا، سیمینارێکی زانستی بە ناونیشانی “خواردنی خێرا و شەکر: مەترسییە شاراوەکان بۆ سەر تەندروستی” (Fast Food and Sugar: Hidden Dangers to Health) پێشکەش کرا. لە سیمینارەکەدا، فێرخوازان بە وردی تیشکیان خستە سەر زیانە تەندروستییەکانی خواردنی خێرا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەکر لەسەر جەستەی مرۆڤ، هاوکات جەختیان لە گرنگیی پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست بۆ قوتابیان کردەوە. وەک نیشانەیەک بۆ سوپاس و پێزانین بەرامبەر ئەم هەماهەنگییە، بڕوانامەی ڕێزلێنان لەلایەن کارگێڕیی ئامادەیی هێورەوە پێشکەش بە بەشی تەکنیکی دروستکردنی ددان کرا.
لە بەشێکى دیکەی چالاکییەکەدا، فێرخوازانی قۆناغی یەکەم هەڵمەتێکی تەندروستییان بۆ پشکنینی گروپی خوێن و ئاستی شەکرە بۆ قوتابیانی ئامادەییەکە ئەنجامدا. لە میانی ئەم هەڵمەتەدا، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیانی ئامادەیی هێور پشکنینیان بۆ ئەنجامدرا و ڕێنمایی پێویستیان پێدرا لەبارەی چۆنیەتی پاراستنی تەندروستی و دوورکەوتنەوە لەو نەخۆشییانەی بەهۆی خۆراکی ناتەندروستەوە دروست دەبن.
ئەم چالاکییە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ فێرخوازانی زانکۆ تا کارامەییە پراکتیکییەکانی خۆیان پەرەپێ بدەن و خزمەت بە کۆمەڵگە بگەیەنن.








