فێرخوازانی بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکی گەشتێکی زانستییان بۆ نەخۆشخانەی سویدی ئەنجامدا
سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکەکانی وێنەگرتنی تیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، گەشتێکی زانستی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بۆ نەخۆشخانەی سویدی لە شاری هەولێر ڕێکخست.
گەشتەکە لە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (١٨/١٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر (معن صفا) بەڕێوەچوو، بە گەیشتنیان لە لایەن دکتۆر (ئەحمەد ضیاء)، سەرۆکی بەشی تیشک و سۆنار لە نەخۆشخانەکە، پێشوازی لە فێرخوازان کرا. پاشان کۆمەلێک زانیارى زانستی و پراکتیکی وردی لەبارەی نوێترین تەکنیکەکانی وێنەگرتنی تیشکی و ئامێرە پێشکەوتووەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد. لە وانە ئاماژەى بە؛ ئامێرەکانی تیشکی سینی (X-ray) و ڕۆڵی سەرەکییان لە دەستنیشانکردنی شکان و نەخۆشییەکانی سنگ و کۆئەندامی ئێسک، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بنەماکانی سەلامەتی تیشکی و پاراستنی نەخۆش و ستافی پزیشکی کرد.
لە بەشیکى دیکەى قسەکانیدا تیشکى سەر ئامێری تیشکی (CT Scan) و گرنگییەکەی لە دەستنیشانکردنی حاڵەتە کتوپڕەکان و برینداربوونی ناوخۆیی، جگە لە ڕوونکردنەوەی بەکارهێنانەکانی ئامێری دەنگدانەوەی موگناتیسی (MRI) بۆ وێنەگرتنی شانە نەرمەکان و کۆئەندامی دەمار. دکتۆر ئەحمەد ضیاء ئاماژەی بە ئامێرەکانی تیشکی ددان و ڕۆڵیان لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی دەم و شەویلگە کرد، لەگەڵ جەختکردنەوە لە کەمکردنەوەی ژەمە تیشکییەکان.
لە بەشێکی تری سەردانەکەدا، باس لە میکانیزمی کارکردنی ڕۆژانە لەناو بەشی تیشک، ڕێکخستنی کاروباری نەخۆشەکان و بنەماکانی مامەڵەی پیشەیی و مرۆیی لەگەڵ نەخۆش کرا، بەجۆرێک کە سەلامەتی و ئارامی نەخۆش و کوالێتی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان مسۆگەر بکات.
لە کۆتاییدا؛ دکتۆر ئەحمەد ضیاء جەختی لە گرنگی ئەم جۆرە چالاکییە زانستییانە کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئاشنابوونی فێرخوازانی قۆناغی یەکەم بە ژینگەی کارکردنی ڕاستەقینە و ئامێرە پزیشکییە پێشکەوتووەکان، دەبێتە هۆی چەسپاندنی چەمکە سەرەکییەکانی وێنەگرتنی تیشکی و هاندەرێکی گەورە دەبێت بۆ فێربوونیان، هەروەها یارمەتیدەریان دەبێت بۆ تێگەیشتن لە ڕۆڵی داهاتوویان لەناو تیمی پزیشکیدا.
لە کۆتایی گەشتەکەدا، فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی سویدی و ستافە پزیشکییەکەی کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەیان، هەروەها دەستخۆشییان لە زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم جۆرە گەشتە زانستییانەی کە ڕۆڵیان هەیە لە ئامادەکردنی کادری پسپۆڕ و شارەزا.







