فێرخوازانی بەشی راگەیاندن، زنجیره سیمینارێکی هۆشیاری لەبارەی سۆشیاڵ میدیا پێشکەش بە قوتابیانی قەزای پیرمام دەکەن
لە چالاکیەکى هاوبەشدا، سەرۆکایەتی بەشی راگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە هەماهەنگی لقی پیرمامی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن زنجیرە سیمینارێکی هۆشیارییان لە بارەی میدیا و کاریگەری سۆشیاڵ میدیا لە ئامادەییەکانی قەزای پیرمام پێشکەش دەکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتی 15/2/2024 فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی راگەیاندن، کە پێکهاتبوون لە (کاروان مەسعود و نالی عومەر) بە هاوکاری فێرخواز (سەروین محەمەدئەمین) سێ سمیناریان پێشکەش بە قوتابیانی هەرسێ ئامادەیی (سەربەن و ئەنالیندا و کامیار) لە پیرمام کرد.
لە میانەى پێشکەشکردنى سیمینارەکەیاندا، دواى ناساندنى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بە قوتابیانى قوتابخانەکان، ئینجا بە گرنگیەوە باسیان لە میدیا بۆ قوتابیان کرد، لە بەشێکى دیکەى سمینارەکەیاندا ڕونکردنەوەى پێویستیان لە بارەى کاریگەرییەکانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر هاوڵاتیان بەگشتى و قوتابیان بەتایبەتى کرد، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک ڕێنمایی گرنگیان پێشکەش بە قوتابیان کرد بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن و بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا.
سمینارەکان لەلایەن بەرێوەبەران و مامۆستایان و قوتابیانی هەرسێ ئامادەییەکە بەگرنگیەوە پێشوازی لە ناوەرۆکەکانیان کرا و، دەستخۆشیان لە فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندنى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، پاشان بەرێوەبەرایەتی خوێندنگە و ئامادەیی کامیاری ناحکومی رێز و سوپاس ئاراستەی بەشی راگەیاندنی زانکۆی جیهان -هەولێر کرد.
واش بریاره هەفتەی داهاتوو ، سمینارە هۆشیارییەکان لەبارەی میدیا و کاریگەرییەکانی سۆشیاڵ میدیا لە قەزای پیرمام بەردەوام بێت و لە چەند ئامادەییەکی دیکە پێشکەش بکرێن.