فێرخوازانی بەشی زمانى ئینگلیزی سەردانی کتێبخانەی زەیتون دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٠/٢/٢٠٢٥) فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی زمانى ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر هودا شوان عومەر سەردانی کتێبخانەی زەیتونیان لە شارى هەولێر کرد.
فێرخوازان لەلایەن هوگر مەجید عەبدوڵڵا سەرپەرشتیاری کتێبخانەى زەیتون پێشوازییان لێکرا لە وتەیەکدا کورتەیەکى لە بارەى دامەزراندنى کتێبخانەى زەیتون پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەروەها بەشە جیاوازەکانی کتێبخانەکەی بە فێرخوازان ناساند، وتیشى هەر بەشێک تایبەتمەندە بە پۆلێکی دیاریکراوی کتێب و سەرچاوە، بۆ نموونە بەشی کوردی دەوڵەمەندە بەسەرچاوەى ئەدەبیات و مێژوو و بەرهەمی کەلتووری بە زمانی کوردی، کە زانیارى بە نرخى لەبارەى نەریت و میراتی ناوچەکەى لەخۆگرتووە، بەهەمان شێوە بەشی عەرەبی کۆمەڵێک کتێبی بەرفراوان لەخۆدەگرێت، لەوانە ئەدەبیاتی کلاسیک و مۆدێرن، دەقی ئایینی و بەرهەمی ئەکادیمی، ئەمەش وایکردووە ببێتە شوێنێکی گونجاو بۆ خوێنەرانی عەرەبی زمان. هاوکات لە بەشی کتێبە بیانییەکان بەرهەمەکانی بە زمانە جۆراوجۆرەکان لەخۆدەگرێت، کە نوێنەرایەتی جۆرەها ئەدەبیاتی جیهانی دەکەن، ئەمەش دەرفەت دەدات بە خوێنەران بۆ گەڕان بەدوای کەلتوور و ڕوانگە جیاوازەکاندا. لە کاتێکدا بەشی کۆری تایبەتمەندە بە کتێبەکانی پەیوەست بە کەلتوور و زمان و مێژووی کۆری، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی ئارەزووی ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە.
هەر لە میانەى ناساندن و بەسەرکردنەوەى کتێبخانەکەدا، فێرخوازان سەردانى بەشی ئەرشیفی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیان کرد، کە کۆمەڵێک گۆڤاری دەورەیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تێدا پارێزراوە و، سەرچاوەیەکی بەنرخ بۆ ئەنجامدانى توێژینەوە، لە بەشی خوێندنەوەش شوێنێکی ئارام تەرخانکراوە بۆ ئەوەی سەردانکەران سەرنجیان لەسەر خوێندنەوە یان خوێندن بێت.