فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزیی زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکیان لە مانگى تەندروستیی پیاوان بەڕێوەبرد
رۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٨/١١/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، وەک بەشێک لە چالاکییەکانی «مانگی هۆشیاریی تەندروستیی پیاوان»، چالاکییەکی هۆشیارییان لە (دریم ستی) ئەنجامدا.
چالاکییەکە بەسەرپەرشتى مامۆستا (پۆلا تەحسین محەممەد)ـ بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان چەندین بڵاوکراوەی هۆشیارییان دابەش کرد کە زانیاریی گرنگیان لەخۆگرتبوو دەربارەی تەندروستیی پیاوان، لەوانە: تەندروستیی پڕۆستات، تەندروستیی دەروونی، مەترسییەکانی نەخۆشیی دڵ و خوێنبەرەکان، هەروەها گرنگیی ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییە خولییەکان. چالاکییەکە جەختی کردەوە سەر گرنگیی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکان، گرتنەبەری شێوازی ژیانی تەندروست و زیادکردنی هۆشیاری دەربارەی ئەو نەخۆشییانەی کە دەکرێت پیاوان لێی پارێزراو بن.
لە میانەی چالاکییەکەدا، فێرخوازان گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاوڵاتیان کرد و، جەختیان لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی پشکنینی بەردەوام و هاندانی گفتوگۆی کراوە دەربارەی پرسەکانی تەندروستیی پیاوان کردەوە.





