فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی چالاكیەكی خۆبەخشی مرۆیی لە خانەی بێسەرپەرشتان لە هەولێر بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢/١٢/٢٠٢٥، گروپێك لە قۆناغی دووەم و سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی خێرخوازی و مرۆییان بۆ خانەی بێسەرپەرشتان لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
ئەم دەستپێشخەرییە بە سەرپەرشتی و ئامادەکردنی مامۆستا (پۆلا تەحسین محەمەد) بەڕێوەچوو، کە هەوڵی فێرخوازانی خستبووە گەڕ بۆ پشتیوانیکردنی منداڵانی خانەکە. لە کاتی گەیشتنیاندا، شاندەکە لەلایەن خاتوو (ژینۆ ئازاد)، بەڕێوەبەری خانەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا، لە وتەیەكیدا سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە دەربڕی. دواتر فێرخوازان کۆمەڵێک هاوکارییان پێشکەش بە منداڵانی خانەكە کرد، کە بریتی بوون لە پێداویستیی سەرەکی بۆ منداڵانی شیرەخۆرە و بچووک، وەک شیر، دایبی (حەفازە) و چەندین کەرەستەی دیکەی پێویست، كە بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕۆژانەکانی منداڵانی خانەکە گرنگن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ژینۆ ئازاد فێرخوازانی بەسەر بەشەکانی خانەکەدا گەڕاند و باسی لەو ئاڵنگارییانە کرد، کە ڕووبەڕووی لایەنی کارگێڕییەکەیان دەبێتەوە لە چاودێریکردنی منداڵاندا، هەروەها جەختی لە ڕۆڵی گرنگی پشتیوانیی کۆمەڵگە کردەوە. بۆ ئەوەش سوپاسی بێپایانی ئاراستەی بەشی زمانی ئینگلیزی کرد بۆ ئەم دەستپێشخەرییە بەخشندانەیە و، داوای کرد سەردانەکانیان بەردەوام بێت، دووپاتیشی کردەوە کە چالاکیی لەم شێوەیە هیوا دەچێنێت و پشتیوانییەکی بەرچاوە بۆ ئەو منداڵانەی کە زۆرترین پێویستییان بە هاوکارییە لە کۆمەڵگەدا.






