فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی چالاکیەکیان دەربارەی کارە ئەدەبییەکانی نووسەرێکى ئەمریکی لە ئامادەیی بازی ئەهلی ئەنجامدا
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (١١/١/٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغەکانی دووەم، سێیەم و چوارەمی بەشی زمانی ئینگلیزی، سەردانێکی ئەکادیمییان بۆ ئامادەیی بازی ئەهلی ئەنجام دا.
لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (مروە مەحموود ئەمین) بەڕێوەچو، فێرخوازان وۆرک شۆپێکی ئەدەبییان بۆ قوتابیانی پۆلی یازدەهەم دەربارەی کارە ئەدەبییەکانی نووسەری ئەمریکی (ئێدگار ئالان پۆ) پێشکەش کرد، کە تیایدا چیرۆکە کورتەکان، ڕۆمان و شیعرەکانی ئەو نووسەرەیان باسکرد.
سەرەتا فێرخوازان لە لایەن ڕەزوان جومعە عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا. پاشان لە یەکێک لە هۆڵەکانى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى چالاکیەکەیان پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش لە دەستپێکدا کورتەیەکی ژیاننامەی ئەدەبیی نووسەر لە لایەن یەکێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم دەستی پێ کرد، کە تێیدا تیشک خرایە سەر گرنگترین بەرهەم و دەستکەوتەکانی. هاوکات، فێرخوازانی هەر قۆناغێک بەپێی پسپۆڕیی ئەدەبیی خۆیان بەشدارییان لە بڕگەکانی وۆرک شۆپەکەدا کرد.
چالاکییەکە بە کۆڕێکی شیعری لە لایەن فێرخوازانی قۆناغی چوارەم کۆتایی هات، کە تێیدا شیعری بەناوبانگی قەلەکە (The Raven) پێشکەش کرا و لێکدانەوە بۆ چەند دێڕێکی هەڵبژێردراو و گفتوگۆ دەربارەی پەیامە سەرەکییەکان و وانە وەرگیراوەکانی ناو شیعرەکە کرا.
وۆرک شۆپەکە کاردانەوەیەکی بەرچاوی فێرخوازانی پۆلی یازدەهەمی بەدوای خۆیدا هێنا و بە چالاکانە بەشدارییان لە بڕگەکاندا کرد. لە کۆتایی چالاکییەکەدا، فێرخوازان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی قوتابخانەکە دەستخۆشییان لەم دەسپێشخەرییە ئەکادیمییە کرد و جەختیان لە گرنگیی چالاکییەکان کردەوە لە پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی فێربوونی بەردەوام و پەرەپێدانی خولیای ئەدەبیاتی ئینگلیزی.







