فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی چالاکیەکى تایبەتى زمانەوانى بۆ قوتابیانی ئامادەیی کارۆخ ئەنجام دەدەن
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستی و پەروەردەییەکانیدا، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٠٢٦/٢/٨)، چالاکییەکی مەیدانی زمانەوانیان لەسەر “بڕگە دەنگییەکان – Syllables” بۆ قوتابیانی قوتابخانەی کارۆخی ئامادەیی بەڕێوەبرد.
ئەم چالاکییە کە لەلایەن فێرخوازانی قۆناغی یەکەم و بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ڕۆژین حوسێن حوسێنی) ئەنجامدرا، سەرەتا شاندی زانکۆ لەلایەن (هێوا مەحمود حەسەن) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان ناوەڕۆکى چالاکیەکە دەستى پێکرد و تیایدا جەخت لە باشترکردنی شێوازی گۆکردن (Pronunciation) و بەهێزکردنی کارامەیی قسەکردن لە لای قوتابیان کرایەوە..
هاوکات چالاکییەکە چەندین بڕگەی دیکەى کارلێکەری لەخۆگرت، لەوانە بەکارهێنانی کارتی تایبەت بە بڕگە دەنگییەکان بۆ دروستکردنی وشە، کە تێیدا قوتابیان بە شێوەیەکی پراکتیکی مەشقیان لەسەر کێش و ئاوازی وشەکان و شێوازی ڕاستی دەربڕینی دەنگەکان کرد.
ئەم ڕێگە فێرکارییە بینراو و بیستراوە یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی قوتابیان بە متمانەیەکی زیاترەوە بە زمانی ئینگلیزی بئاخڤن و پەیوەندییەکی زانستی لە نێوان لایەنی تیۆری و پراکتیکی دروست بکەن.






