فێرخوازانی بەشی شیکارییە کیمیایی پزیشکی پشکنینی تەندروستی و هۆشیاری لە خانەی بەساڵاچووان پێشکەش دەکەن
لە پێنچ شەممە ڕێکەوتی (٢٠/١١/٢٠٢٥)، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی شیکارییە کیمیایی پزیشکی (Medical Biochemical Analysis) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی مەیدانییان بۆ خانەی چاودێریی بەساڵاچووان ئەنجام دا.
لە میانەی سەردانەکەدا، چەندین پشکنینی پزیشکیی سەرەتاییان ئەنجام دا و ڕاستەوخۆ ڕێنمایی تەندروستی و هۆشیارییان پێشکەش بە دانیشتوانی خانەکە کرد. سەردانەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (هەوڕێ سامی)، سەرۆکی بەش بەڕێوەچوو، بە گەیشتنیان لەلایەن (سەنگەر جەمال)، بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچووان، پێشوازییان لێکرا و، دەستخۆشی لەم دەستپێشخەرییە مرۆیی و زانستییەى فێرخوازان کرد.
پاشان فێرخوازان چالاکیەکانیان دەستپێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەرەتادا پێوانی ڕێژەی شەکری خوێنیان بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی بەرزبوونەوە یان دابەزینی ئاستی شەکر کرد، هاوکات ئەو بەساڵاچووانەی کە خوێندنەوەی پشکنینەکانیان ئاسایی نەبوو، ڕێنمایی کران کە پێویستە بەدواداچوون بۆ دۆخی تەندروستییان بکەن لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ. هەروەها پێوانی پەستانی خوێن ئەنجام درا بۆ دیاریکردنی حاڵەتەکانی بەرزبوونەوە یان دابەزینی پەستان، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی ئەو مەترسییە تەندروستییانەی کە لە ئەنجامی کۆنترۆڵنەکردنی پەستانی خوێنەوە دروست دەبن، وەک تووشبوون بە جەڵتەی دڵ یان مێشک. سەرەڕای ئەمانەش، فێرخوازان پشکنینی ڕێژەی ئۆکسجینی خوێن (SpO₂)ـیان ئەنجام دا بۆ هەڵسەنگاندنی کارایی سییەکان و دڵ.
لەکۆتاییدا و دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان، فێرخوازان کۆمەڵێک ڕێنمایی تەندروستی و هۆشیاریی تایبەتیان پێشکەش بە بەساڵاچووان کرد، کە بریتی بوون لە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکیی هاوسەنگ (کەم خوێ، کەم شەکر و کەم چەوری)، خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو، ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی و وەرزشی سووک و گونجاو لەگەڵ تەمەنیان، پابەندبوون بە خواردنی دەرمان لە کاتی خۆیدا و، چاودێریکردنی بەردەوامی نیشانە ژیانییەکان لە ڕێگەی ئامێرە پزیشکییە ناوخۆییەکانەوە. هەروەها ئامۆژگاری کران بە دوورکەوتنەوە لە زۆر خواردنەوەی ماددە وریاکەرەوەکان (وەک چا و قاوە) و کەمکردنەوەی فشار و دڵەڕاوکێی دەروونی.






