فێرخوازانی بەشی شیکاریی تاقیگەی پزیشکی لە میانەى سەردانێکى زانستیدا بۆ قوتابخانەی ڕەوای ناحکومی چالاکیەک ئەنجام دەدەن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 2/10/2025، سەرۆکایەتى بەشی شیکاریی تاقیگەی پزیشکی لە کۆلێژی زانستە کردارییەکان – زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (سالی خەلیل باقر)، سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بۆ قوتابخانەی ڕەوای ناحکومی ڕێکخست.
لە میانی سەردانەکەیاندا، فێرخوازانى بەشی شیکاریی تاقیگەی پزیشکی سیمینارێکی هۆشیارکردنەوەیان بە ناونیشانی “قەڵەوی و کاریگەرییەکانی لەسەر نەخۆشیی شەکرە و تەندروستی گشتیی هەرزەکاران” پێشکەش کرد، هەر لە سیمینارەکەدا، هۆکارە باوەکانی زیادبوونی کێش لەم قۆناغە تەمەنییەدا و پەیوەندیی نزیکی نێوان شێوازی ژیان، خۆراک و چالاکییە ڕۆژانەکانیان بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە شیکردەوە، هەروەها بە شێوەیەکی سادە میکانیزمی کاریگەریی قەڵەوی لەسەر بەرگریی ئەنسۆلین و مەترسیی تووشبوون بە شەکرە لە تەمەنێکی زوودا بۆ قوتابیان ڕونکردەوە.
دواتر، فێرخوازانى بەشى شیکاریی تاقیگەى پزیشکى؛ پشکنینی ئاستی شەکری خوێنیان (Blood Glucose Test) بۆ ژمارەیەک لە قوتابیانی قوتابخانەکە ئەنجام دا و هەنگاوە سەرەکییەکانی خوێندنەوە و لێکدانەوەی ئەنجامەکان بە شێوازێکی زانستیی سادە بۆ قوتابیانیان ڕونکردەوە. هاوکات قوتابیانیان بە شێوەیەکی پراکتیکی ئاشنایی چۆنیەتى پشکنینی دیاریکردنی جۆری خوێن (Blood Group Test) وکرد، لەگەڵ ئاماژەکردن بە گرنگیی زانینی جۆری خوێنیان لە کاتی پزیشکیی کتوپڕ و بەخشینی خوێندا.
لە کۆتاییدا ستافی قوتابخانە ستایشی هەوڵەکانی فێرخوازانى بەشی شیکاریی تاقیگەی پزیشکییان کرد بۆ گەیاندنی زانیارییە پزیشکییەکان بە شێوازێکی سادە و سوودبەخش، هەروەک جەختیشیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە چالاکییە هۆشیاریانە کردەوە، کە هاوکاریی نێوان زانکۆ و دامەزراوە پەروەردەییەکان بەهێز دەکەن و بەشدارن لە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی تەندروستی لەنێو قوتابیاندا.